حكومه‌ت و سياسه‌تى (جس النبض)
حكومه‌ته‌كه‌مان لێزان و زۆر زانه ، باوه‌ڕی به‌وه نییه به یه‌ك جار و له‌ناكاو هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی میلله‌ت درووست بكات ، به‌ڵكو هه‌موو شتێك به به‌رنامه ڕێژێ و به سیاسه‌ت ئه‌نجام ئه‌دات ، له پاش وه‌شاندنی هه‌ر گورزێك ڕاده‌وه‌ستێت وچاودێری لێدان و خورپه‌ی دڵی كه‌سه‌كه – ببورن گه‌له‌كه- ده‌كات ، ئه‌گه‌ر خێرا بوویه‌وه‌و نیشانه‌ی كاردانه‌وه‌ی لێ ده‌ركه‌وت ڕاده‌وه‌ستێت وزنجیرهیهك له دڵنیاییكردنهوهو به‌ڵێنی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان ده‌دات ، ئه‌گه‌ریش زانی كاردانه‌وه نییه و ته‌نها ژماره‌یه‌كی ڕه‌مزی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن ئیدی ئاماده‌كاری بۆ وه‌شانی دواتر ده‌ست پێ ده‌كات ، بۆیه له ئێستادا و پاش دڵنیابوونی له بێ ده‌سه‌ڵاتی نێچیره‌كانی كه بریتین له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران وئهودوای ڕه‌ش و ڕووته‌كان ، به شێوه‌یه‌كی خێراتر و بێ بهزهیینانهتر گورزهكانی ده‌وه‌شێنێت و هاوكات له گه‌ڵ سه‌ختبوونی تراجیدیای ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكیدا ئه‌وانیش ڕیتمی قسه و لیدوان و درووشمی زل و بریقه‌دار ولاف لێدانی كوردایه‌تییان به‌رزتر و ههمهچهشنهتر ده‌كه‌نه‌وه و به‌شی كه‌سیان نه‌داوه له دڵسۆزی و ده‌ستپاكی و هه‌موو ئاكارێكی جوان كه پێویسته لێپرسراوان به‌رانبه‌ر هاونیشتمانیان هه‌یانبێت!
إحسان برهان ا‌لدین
2016-22-1 سلێمانی