تێكه‌ڵبوون ودابڕان له واقیعی ئێستادا كامیان باشتره؟
الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی آله و صحبه ومن والاه، وبعد:
له بنچینه‌دا تێكه‌ڵ بوون به خه‌ڵكی و بانگه‌واز كردن بۆ دینی ئیسلام به‌و شێوه‌ی كه له قورئان و سوننه‌تدا هاتووه، بێ تێكدان و شێواندن و بێ ئه‌وه‌ی ئیسلام بكرێته ئامرازێك بۆ به ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی و پله‌و پایه‌و پاره، چاكتره له‌وه‌ی موسوڵمان له كۆمه‌ڵگه دابڕێت و بانگه‌واز بۆ دینی حه‌ق نه‌كات، ئه‌مه له ڕووی بنچینه و ئه‌سڵه‌وه وایه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بنه‌مای زانستی و پێوه‌ر هه‌ن حوكمی كۆتایی له‌وباره‌وه دیاری ده‌كه‌ن، هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌شێكیان له‌م نووسینه‌مدا ڕوون بكه‌مه‌وه، چونكه ئه‌م باسه بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستان و منیش وه‌كو كه‌سێك كه ئاگاداری كاری ئیسلامیم و بۆ ماوه‌یه‌كیش وله قۆناغێكی هه‌ستیارید به‌شدار بوومه، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی ئیسلامی له كوردستاندا دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی ئاشكرای له قورئان و سوننه‌ت پێوه دیاره و موسوڵمانانیش له ڕووی فیكری و مه‌نهه‌جییه‌وه سه‌رگه‌ردانییه‌كی زۆریان تووش بووه .
باسی تێكه‌ڵ بوون و دابڕان باسێكی تازه‌ی هاوچه‌رخ نییه، به‌ڵكو باسێكی كۆنه و زانایان سه‌دان ساڵ پێش ئێستا كتێبیان له‌سه‌ر داناوه و باسه‌كانیان شیكردووه‌ته‌وه، ته‌نها بۆ نموونه: الخطابي كه زانایه‌كی به‌ناوبانگه له سه‌ده‌یه‌ی چواره‌می كۆچی كتێبێكی به‌ناونیشانی (العزلة) نووسیوه، ابن أبي الدنیا یش كتێبێكی له‌و باره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها له هاوچه‌رخه‌كانیش (سلمان العودة) له نه‌وه‌ده‌كان كتێبێكی به‌ناونیشانی (العزلة والخلطة) نووسیوه پێش ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ژێر فشاری حكومه‌تی سعودیه و زیندان بكرێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ر مه‌نهه‌جیدا بێت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا.
ئه‌وه‌ی من لێره به كورتی ده‌یخه‌مه ڕوو مه‌به‌ستم پێی دابڕان و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له كۆڕوكۆمه‌ڵ و جه‌ماعات به شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌وره‌ها مه‌به‌ستم پێی بانگه‌وازی گشتی خه‌ڵكیشه كه ڕووی ده‌مت له هه‌موو خه‌ڵكی بكه‌یت و ئامۆژگارییان بكه‌یت و ته‌مه‌نت له‌و ڕێگه‌دا سه‌رف بكه‌یت ئایا ئه‌وه هه‌وڵێكی باش و به سووده یان كات به‌زایه بردنه؟
له ڕاستیدا له‌م باره‌وه ئه‌گه‌ر له ده‌قه‌كانی سوننه‌ت وردبینه‌وه ده‌بینین دوو ئاڕاسته‌ی تێدایه بۆ موسوڵمانان، ئاراسته‌یه‌كیان هانی ئیمانداران ده‌دات تێكه‌لی خه‌ڵكی بكه‌ن و بانگه‌واز بۆ دینی الله بكه‌ن، وه‌كو: (المُؤمِنُ الَّذي يُخالِطُ النَّاسَ ويصبِرُ على أذاهم أفضَلُ مِن المُؤمِنِ الَّذي لا يُخالِطُ النَّاسَ ولا يصبِرُ على أذاهم) یان فه‌رمووده‌ی: (مَا مِن ثَلاثَةٍ فِي قَرْيَةٍ وَلاَ بَدْوٍ لا تُقَامُ فِيهمُ الصَّلاةُ إِلاَّ قدِ اسْتَحْوَذَ عَلَيْهِمُ الشَّيْطَانُ، فَعَلَيكُمْ بِالجَمَاعَةِ، فَإِنَّمَا يأْكُلُ الذِّئْبُ من الغنم القاصیة) أحمد وأبو داود و النسائی و كه‌سانی تر گێڕاویانه‌ته‌وه و فه‌رمووده‌كه باس له گرنگی ئه‌نجامدانی نوێژ ده‌كات به جه‌ماعه‌ت و هه‌روه‌ها باس له مه‌ترسی دووركه‌وتنه‌وه له جه‌ماعه‌ت ئه‌كات و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه گورگ له‌و مه‌ڕانه ئه‌خوات كه له ڕانه‌كه دوور ئه‌كه‌ونه‌وه.
زانایان فه‌رموویانه ئیسلام خۆیشی هه‌ر دینی كۆمه‌ڵه و دروشم و عیباده‌ته‌كانی به شێوه‌ی كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێن وه‌كو نوێژ و حه‌ج و فه‌رمان به چاكه و نه‌هی كردن له خراپه و جیهادی بێباوه‌ڕان.
له به‌رانبه‌ردا كۆمه‌ڵێكی زۆر له فه‌رموده‌ی صحیح هاتووه هانی موسوڵمانان ده‌دات به دینی خۆیان هه‌ڵبێن و له هه‌موو كۆڕوكۆمه‌ڵێك و بگره له خه‌ڵكیش دوور بكه‌ونه‌وه و ته‌نها بایه‌خ به خۆیان و ماڵ و مناڵ و ئه‌وانه بده‌ن كه به‌رپرسن له سه‌رپه‌رشتی كردنیان و دینیان قایم بكه‌ن، هه‌ندێ له‌و ده‌قانه به ڕه‌هایی ستایشی دابران و خۆ دوورخستنه‌وه ئه‌كه‌ن له كۆڕوكۆمه‌ڵ و له خه‌ڵكی، مه‌رجیش نییه مه‌به‌ست له‌وه بێت به‌ته‌واوی له ناویان ده‌ربچێت، به‌ڵكو وه‌كو هه‌ندێ له زانایان فه‌رموویانه له كاروباریان دووركه‌وێته‌وه و به‌شداری ئیش و كاریان نه‌كات و لێپرسراوێتی وه‌رنه‌گرن و له ده‌سه‌ڵات دوور بكه‌ونه‌وه.
پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی له‌و فه‌رمووده‌ی كه پێشه‌وا بوخاری ده‌یگێڕته‌وه: ( يُوشِكُ أَنْ يَكُونَ خَيْرَ مَالِ الْمُسْلِمِ غَنَمٌ يَتْبَعُ بِهَا شَعَفَ الْجِبَالِ وَمَوَاقِعَ الْقَطْرِ يَفِرُّ بِدِينِهِ مِنْ الْفِتَن ) هه‌روه‌ها له سه‌حیحی پێشه‌وا موسایمدا هاتووه پیاوێك پرسیاری له پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم كرد : (أَيُّ النَّاسِ أَفْضَلُ ؟) واته چی كه‌سێك باشترین كه‌سه؟ ( فَقَالَ 🙂 ئه‌ویش فه‌رموی: ( رَجُلٌ يُجَاهِدُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِمَالِهِ وَنَفْسِهِ) واته كه‌سێك ماڵ و گیانی خۆی له پناو الله ببه‌خشێت. (قَالَ : ثُمَّ مَنْ ؟) واته ئه‌ی دوای ئه‌وه كی چاكترین كه‌سه؟ (قَالَ 🙂 ئه‌ویش له وه‌ڵامدا فه‌رمووی: (مُؤْمِنٌ فِي شِعْبٍ مِنْ الشِّعَابِ يَعْبُدُ اللَّهَ رَبَّهُ وَيَدَعُ النَّاسَ مِنْ شَرِّهِ ) واته: ئیماندارێك .
ئه‌م فه‌رمووده و فه‌رمووده‌كانی تر به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دووركه‌وتنه‌وه و دابڕان چاكتره بۆ موسوڵمان هه‌ركاتێك به‌هۆی زۆربوونی فیتنه له دینی خۆی ترسا، الحافظ ابن حجر له كتێبی فتح الباري(13/42) فه‌رموویه‌تی: (وَالْخَبَر دَالّ عَلَى فَضِيلَة الْعُزْلَة لِمَنْ خَافَ عَلَى دِينه ) واته: ئه‌م فه‌رمووده ئاماژه بۆ فه‌زل و چاكه‌ی خۆ به‌دوور گرتن و دابڕان ده‌كات ئه‌گه‌ر ترسی له دینی خۆۆی بوو .
هه‌روه‌ها پێشه‌وا السندي له په‌راوێزه‌كه‌یدا له‌سه‌ر سونه‌نی نه‌سائی (8/124) فه‌رموویه‌تی: (فِيهِ أَنَّهُ يَجُوز الْعُزْلَة بَلْ هِيَ أَفْضلُ أَيَّام الْفِتَن ) واته ئه‌و فه‌رمووده به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕۆژگاری فیتنه‌دا ته‌نهایی و دووره‌په‌رێزی چاكتره له تێكه‌ڵ بوونی و چوونه ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵی خه‌ڵكییه‌وه.
ابن حجر العسقلاني ئه‌و فه‌رموودانه‌ی كه به ڕه‌هایی فه‌رمان به ته‌نیایی و خۆ به دوورگرتن ئه‌كه‌ن له خه‌ڵكی بۆ سه‌رده‌می فیتنه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، واته موسوڵمان له‌سه‌رده‌می فیتنه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستانی خۆمان ده‌گوزه‌رێت له پیناو سه‌لامه‌تی دین و تێك نه‌چوونی عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕ و دووركه‌وتنه‌وه له شوبهه‌و گومان و زیان گه‌یاندن به دین باشتره له هه‌موو ئه‌و كۆڕوكۆمه‌ڵه لاده‌رانه دوور بكه‌وێته‌وه چونكه به ڕوونی و به ئاشكرایی له مه‌نهه‌ج لایانداوه و ئیسلامیان له دیدی موسوڵمانی نه‌شاره‌زای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا به عه‌لمانیه‌ت و لیبرالییه‌ت تێكه‌ڵ كردووه و هه‌لی جه‌هلی ئه‌وانیان به دینه‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌و تووشی سه‌رگه‌ردانییان كردوون.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ئه‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستا له كوردستانی خۆمان ڕۆژگاری فیتنه و پشێوی و گومڕاییه هیچ گومانێك نییه و هه‌موو كه‌سێك كه‌مترین ڕێژه‌ی تێگه‌یشتنی له قورئان و سوننه‌تی ڕاست و درووست و حاڵی پێشینان و بیروباوه‌ڕیان هه‌بێت به دڵنییایی بۆی ده‌رده‌كه‌وێت – مه‌خابن – موسوڵمانان له دۆڵێكن و ئیسلام له دۆڵێكی تره
كاتێك ئه‌و ده‌قانه‌ی سونه‌ت ده‌خوێنینه‌وه كه داوا له موسوڵمان ده‌كات به دینه‌كه‌ی هه‌ڵبێت وگرنگی ته‌نها به خۆی و خێزان و ئه‌وانه بدات كه سه‌رپه‌رشتیان له ئه‌ستۆیدایه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ده‌قانه باس له‌و كاته ده‌كه‌ن كه زانایان به (فساد الزمان) واته تێكچوونی زه‌مانه و شێوانی ڕۆژگار ناویان بردووه له ڕوانگه‌ی لادانی خه‌ڵكی له ئیسلام وه‌كو ئاكار و ڕه‌وشت، وه‌كو عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕ، وه‌كو عیباده‌ته‌كان و سه‌رجه‌م حوكمه‌كانی تری ئیسلام، كه له ڕاستیدا ئێستای كوردستان كه من مه‌به‌ستمه تیشك بخه‌مه سه‌ری هه‌موو جۆره فه‌سادێكی مه‌نهه‌جی و عه‌قیدی و شه‌رعی وئاكاری تێیدا ته‌شه‌نه‌ی كرده‌وه و له‌توانای كه‌سدا نه‌ماوه چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌وانه‌ش كه بانگه‌شه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ن به‌ناو ئیسلامه‌وه چه‌ند ساڵه، جگه له هه‌ندێ دیاره‌ی پابه‌ند بوونی ڕواڵه‌تی نه‌بێت به ئیسلامه‌وه ، ورده ورده خۆیشیان بوونه به‌شێك له‌و واقیعه دوور له ئیسلامه‌و له جیاتی ئه‌وه‌ی پیلانی نه‌یارانی ئیسلام له دژی دینه‌كه‌یان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه ده‌ستیان له‌گه‌ڵیان تێكه‌ڵ كرد و له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمی و به‌به‌رچاوی هه‌موو موسوڵمانه بێ ئاگاكان له سنووره‌كانی دینه‌كه‌یان په‌یمانی برایه‌تی و هاوپه‌یمانی و هاوكاریان له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌یارێكی ئیسلام گرێدا.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چاككردنی خه‌ڵكی كارێكی زۆر قورس و ئه‌سته‌م ده‌بێت، كاتێك لادان له حوكمه‌كانی ئیسلام ده‌بێته سیما‌و دیارده‌ی خه‌ڵكی، ڕۆژگارێك كه غه‌ریبی ئیسلام ئه‌بێته حه‌قیقه‌تێك و ئه‌و غوربه‌ته به كه‌سیش لا نابرێت، كاتێك ئه‌وانه‌ی پارێزگاری كردنی ئیسلامیان پێ سپێردراوه و كه‌سان و لایه‌نگه‌لێك كه بانگه‌شه‌ی به‌رگری له دینی ئیسلام ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی ناحه‌زه‌كان به‌ڵام به شێوازی تر زیان به‌دینه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نن، كاتێك كه ناكۆكی و دوو به‌ره‌كی و ڕق و كینه له جیاتی ئه‌وه‌ی بكه‌وێته نێوان موسوڵمانان و دوژمنانی دینه‌كه‌یان ئه‌كه‌وێته نێوان خۆیانه‌وه؛ له‌و كاته‌دا دووره‌په‌رێزی و دوور كه‌وتنه‌وه له كۆڕوكۆمه‌ڵه‌كانیان زۆر باشتره له‌وه‌ی له ژێر هیچ پاساوێكدا بچیته نێو ڕیزه‌كانیانه‌وه و پاش ماوه‌یه‌ك تۆیش ببیته ژماره‌یه‌كی پووچه‌ڵ له‌ناو ئه‌واندا و له جیهانی وه‌هم و خه‌یاڵیشدا خۆت به صلاح ا‌لدین ناگۆڕیته‌وه‌و وا ده‌زانی هیچ نه‌ماوه بۆ ئیسلام نه‌یكه‌یت!
به‌داخه‌وه له كوردستاندا حاڵ به‌وه گه‌یشتووه كه تێكه‌ڵبوون به خه‌ڵكی و لایه‌ن و ته‌وژم و ڕێكخراوه ئیسلامییه‌كان بووه‌ته تیكه‌ڵبوون به واقیعێكی دوور له ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاو له كیتاب و سوننه‌ت و، بووه‌ته جۆرێك له سه‌ركێشی وفوو له خۆڵه‌مێش كردن.
ئه‌گه‌ر به زانست و شاره‌زایی باشه‌وه تیكه‌ڵیان بیت به مه‌به‌ستی بانگه‌واز كردن و چاككردنیان ئه‌وه زۆرێك له ته‌مه‌نت به زایه ده‌چێت و كه‌سانێكی زۆر كه‌م مه‌گه‌ر گوێت لێ بگرن و دوا جار نه‌ك له‌لایه‌ن عه‌لمانییه‌كانه‌وه به‌ڵكو له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی لافی كاركردن بۆ ئیسلام لێ ده‌ده‌ن به ته‌نێكی نامۆ و كه‌سێكی توندڕه‌و بێ سوود بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌ژمێردرێیت، چونكه ئه‌وان سنوره‌كانی نێوان خۆیان و عه‌لمانییه‌كانیان ته‌واو كاڵ كردووه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه په‌رستی و بیری ناسیونالیزمی به زمانی حاڵ پێش ئیسلام خراوه و هه‌ر قسه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئاڕاسته‌یه بكرێت وه‌كو مه‌له كردنه به پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی ڕووبار‌و و پێش عه‌لمانییه‌كان ئیسلامییه‌كان ڕووبه‌ڕووت ده‌بنه‌وه و تۆمه‌تبارت ده‌كه‌ن.
خۆ ئه‌گه‌ر شاره‌زای دینه‌كه‌ت نه‌بیت و عه‌قیده‌یه‌كی دامه‌زراوت نه‌بێت و تیكه‌ڵییان بكه‌یت ماوه‌یه‌كی زۆری پێ ناچێت تۆیش ئه‌بیته بانگخوازێكی مۆدێرن به‌زمانی حاڵ نه‌ك به‌زمانی گوفتار و گاڵته‌ت به سه‌له‌ف و به‌باس كردنی مه‌نهه‌ج و عه‌قیده دێت و به‌زه‌ییت به‌حاڵی ئه‌وانه‌دا دێته‌وه كه به‌یانی و ئیواره باسی ده‌ست گرتن به كیتاب و سوننه‌ت ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه بڵێیت خۆ ئێمه به ته‌ورات و ئینجیل كارناكه‌ین؟
ئینجا له خراپییه‌كانی تێكه‌ڵبوون ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت به هۆی تێكه‌ڵبوونیان دینت تۆكمه بكه‌یت و بانگه‌واز بۆ دینی ئیسلام بكه‌یت، كه‌سانێكن به ڕوون و ئاشكرا له مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌ت لایانداوه و به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ نه‌یارانی ئه‌و مه‌نهه‌جه تێكه‌ڵ بوونه و ته‌ماشای حاڵ و سیاسه‌ت و ڕاگه‌یاندن و بۆچوون و خوێندنه‌وه‌و بیروبۆچوونه‌كانیان بكه گوزارشت له دووركه‌وتنه‌وه‌یان ئه‌دات له قورئان و له‌سوننه‌ت، به‌ده‌ر له بانگه‌شه‌شیان به ده‌ست گرتن به كیتاب و سوننه‌ت ئه‌گه‌ر بێت و قورئان بخوێنین و ته‌ماشای واقیعی ئه‌وان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێت و سوننه‌ت بخوینین و به‌راوردی كردار و گوفتار و ره‌فتاری ئه‌وان و زۆرێك له‌و خه‌ڵكه بكه‌ین له‌گه‌ڵیاندا، ده‌بینین ئه‌وان له دۆڵێكن و قورئان و سوننه‌ت له دۆڵێكی تر‌و، بۆیه دووركه‌وتنه‌وه سه‌لامه‌تییه بۆ دین و سه‌رفرازییه بۆ دونیاش.
یه‌كێكی تر له ته‌ڵه‌و داوه‌كانی خه‌ڵك گرتن هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێ ده‌قی قورئان و فه‌رمووده‌یه و به‌كارهێنانیان له جێگه‌ی نه‌شیاودا، له دیارترینی ئه‌و ده‌قانه ئه‌و فه‌رمووده‌ی كه هه‌ندێ له فه‌رموده‌ناسان به صحیح یان زانیوه‌و هه‌ندێ له‌ڕێگه‌كانی لاواز و حسن كه ده‌فه‌رموێت: (المُؤمِنُ الَّذي يُخالِطُ النَّاسَ ويصبِرُ على أذاهم أفضَلُ مِن المُؤمِنِ الَّذي لا يُخالِطُ النَّاسَ ولا يصبِرُ على أذاهم) له‌ڕاستیدا ئه‌م فه‌رمووده‌یش هیچ كاتێك به واتای ئه‌وه نه‌هاتووه به به‌هانه‌ی تیكه‌ڵ بوون به خه‌ڵكی بۆ بانگه‌واز هه‌رچی سه‌رپێچی ئیسلام هه‌یه له‌ڕووی عه‌قیده‌ت و شه‌ریعه‌ته‌وه ئه‌نجامی بده‌یت و ڕۆژ له ڕۆژ خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان خۆت و ناحه‌زانی دینه‌كه‌ت زیاتر بكه‌یت و له كتاب و سوننه‌ت دوورتر بكه‌ویته‌وه، به‌ڵكو زۆرێك له‌وانه‌ی ئه‌و دروشمه به‌رز ده‌كه‌نه‌وه بوونه‌ته پاشكۆ و خزمه‌تكاری كه‌سانێك كه دوژمنی مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سنوننه‌تن و به‌ڕۆژی ئاشكرا دژایه‌تی شوێنكه‌وتوانی ده‌كه‌ن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی كاتێك زانایان شه‌رحی ئه‌و فه‌رمووده‌ی سه‌ره‌وه‌یان كردووه فه‌رموویانه نه تیكه‌ڵ بوون و نه دابڕان و ئیعتیزال به‌ڕه‌هایی له هه‌موو كاتێكدا یه‌كیكیان به‌سه‌ر ئه‌وی تریاندا په‌سه‌ند نییه، به‌ڵام كه‌س خیلافی له‌سه‌ر ئه‌وه نییه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه به‌ته‌واوی له ئیسلام دووركه‌وته‌وه‌و له ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌كاندا نه‌ما ئه‌و واقعه چاك بكه‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی كه به (فساد الزمان) ناویان بردووه هاته‌دی و لادان و له‌خشته‌چوون له بنه‌ماكانی دین وبیروباوه‌ڕ بووه دیارده، ئیتر موسوڵمان پێویسته به‌پله‌ی یه‌كه‌م وریای دینی خۆی و ماڵ و مناڵی بێت و واز له بانگه‌وازی گشتی (دعوة العامة) بهینیت ئه‌وه‌یان باشتره، چونكه تێكه‌ڵ بوون به‌و وافیعه دوور له ئیسلامه هیچ سوودێكی نییه و لاده‌ران ئه‌وه‌نده زۆر بوونه و سیفه‌تی فه‌رمییان هه‌یه، بۆیه كاتێك تۆ به ئایه‌ت و فه‌رمووده قسه ده‌كه‌یت زۆر نامۆ ده‌رده‌كه‌ویت و كاتێك بانگیان بۆ ده‌ست گرتن به ڕێبازی سه‌له‌ف ده‌كه‌یت پێكه‌نینیان به‌عه‌قڵت دێت.
ئه‌وه‌ی كه باس ده‌كرێت لێردا سه‌باره‌ت به په‌سه‌ندی دووركه‌وتنه‌وه‌و و دووره‌په‌رێزی له‌سه‌ر تێكه‌ڵ بووندا بۆ حاله‌تی فیتنه‌و ترسی موسوڵمانه له دینه‌كه‌ی، به‌ڵام سه‌رده‌می فیتنه نه‌بێت و موسوڵمان به تیكه‌ڵ بوونی تووشی مه‌ترسی نه‌بێت له‌سه‌ر دینه‌كه‌ی جه‌مهوری زانایان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان تیكه‌ڵ به‌خه‌ڵكی ببیت و فه‌رمان به چاكه بكه‌یت و نه‌هی له خراپه بكه‌یت، له‌دابڕان دوور كه‌وتنه‌و باشتره لێیان و ئه‌و ده‌قانه‌ی وه‌كو: المؤمن الذي یخالط الناس و یصبر علی أذاهم…و ده‌قه‌كانی تر بۆ ئه‌و جۆره حاله‌تانه‌یه.
ئینجا پێویسته له پێناو تێكه‌ڵ نه‌بوونی چه‌مكه‌كاندا، دوو جۆر له دابڕان له یه‌كتر جیا بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: دابڕان له بانگه‌واز كردنی خه‌ڵكی و دوور كه‌وتنه‌وه له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵیان و ته‌نها خه‌ریك بوون به خۆت و كه‌سه نزیكه‌كانته‌وه، ئه‌وه‌ی كه له زاراوه‌ی شه‌رعیدا به (دعوة العامة) ده‌ربڕینی لێ ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ش پێویسته پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه بخه‌ینه روو كه ئیسلام له كوردستاندا له سایه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی ته‌غریب و نامۆكردن و ناشیرین كردن كه به ئامانجی جیاوازه‌وه له لایه‌ن عه‌لمانی و لایه‌نه ئیسلامییه مۆدێرنه‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت به قۆناغێكی غه‌ریبی زۆر سه‌ختدا تێپه‌ڕده‌بێت و نیشاندانی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ی كیتاب و سوننه‌ت – ئه‌وه‌نده‌ی بكرێت و سوودی هه‌بێت – واجبه كه به چینێكی ئه‌ستور له خۆڵ و ته‌پوتۆزی جه‌هاله‌ت و دژایه‌تی پلان بۆ داڕێژراو شاردراوه‌ته‌وه و پێویسته خه‌ڵكی پێ ئاشنا بكرێته‌وه.
به‌ڵام هاوكات جێگای داخیشه ئه‌وانه‌ی كه به‌و ئه‌ركه هه‌لده‌ستن واته قورئان و سوننه‌ت به بێ گونجاندن و شێواندن وه‌كو خۆی باس ده‌كه‌ن له لایه‌كه‌وه وه‌كو ژماره زۆر كه‌من، له‌لایه‌كیشه‌وه زۆر نا ئاشنا ونامۆن بۆ خه‌ڵكی و قسه‌كانیان وه‌كو زه‌نگی مه‌ترسی ته‌ماشا ده‌كرێت بۆ پرۆسه‌ی دیمۆكراسی هاوچه‌رخ وسه‌رجه‌م پرۆسه ڕۆژئاوایی و ناكۆكه‌كان له گه‌ڵ ئیسلامدا كه ئه‌مڕۆ زۆرێك له لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه‌كان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ئیسلامه بێته كایه‌وه به پێوه‌ر و تام و ره‌زامه‌ندی عه‌لمانیه‌ت، ئه‌مه وه‌كوئه‌سڵ و بنچینه!
به‌ڵام ڕاستییه‌كی تاڵیش هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه:هه‌وڵه‌كان له ئاراسته‌ی چاكسازیدا زۆر به خاوی ڕێده‌كه‌ن و پێشكه‌وتنێكی به‌رچاو به خۆیانه‌وه نابینن و ئه‌وانه‌ی دێنه پیری بانگه‌وازی په‌یڕه‌وی كردنی كیتاب و سوننه‌ت به‌راسته‌وه زۆر كه‌من، بۆیه ئاراسته هه‌ڵه‌كه كه ئاراسته‌ی زۆرینه‌یه له په‌ره‌سه‌ندن و به‌ره‌و پێش چووندایه، هۆكاری به‌رده‌وام بوونی ئه‌م نامۆییه ئیسلام و دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵكیش له بیروباوه‌ر و مه‌نهه‌ج و عه‌قیده‌ی ئیسلامی – جگه له هه‌ندێ شه‌عائیرو بواری ڕه‌وشتی نه‌بێت – بۆ چه‌ند هۆكارك ده‌گه‌ڕێته‌وه:
* نه‌شاره‌زایی خه‌ڵكی به شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌رجه‌م حوكمه‌كانی ئیسلام و به‌وه‌ش بوونه‌ته پاروویه‌كی ئاسان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به هۆكاری جۆراوجۆره‌وه ته‌ماحیان پێیانه و ئه‌وان ده‌كه‌نه هۆكاری گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان، بۆیه ده‌بینی به هۆی نزیكبوونه‌ی به‌رده‌وامی لایه‌نه عه‌لمانی و ئیسلامییه‌كان له یه‌كتره‌وه به هۆی خاڵی هاوبه‌ش وه‌كو سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌ركی كوردایه‌تی و هه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی وسیاسی و هاوپه‌یمانی له كاتی هه‌ڵبژاردن وده‌نگدان و هۆكاری تر، بۆیه ده‌بینی موسوڵمانان دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر ئه‌و دوو جۆره ئاراسته ناكۆكه‌دا وه‌كو ئه‌وه‌ی له چڵه‌پۆپه‌ی گونجان ونزیكبوونه‌ی فیكری و بیروباوه‌ڕدا بن.
* ڕاگه‌یاندنه‌كانیش به هه‌ر دوو جۆره‌كه‌یانه‌وه – ئیسلامی و عه‌لمانی – له كوردستان بۆ جیبه‌جێكردنی ئه‌و ئامانجه واته نامۆكردنی ئیسلام و نمایش كردنی ئیسلامێكی هاوچه‌رخی جیاواز له ئیسلامی كیتاب و سوننه‌ت، واته: ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت ئیسلامی ئه‌مریكی یان ئیسلامی كوردی، ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه و خه‌ڵكیش بۆ ئه‌وان وه‌كو مردوویان پێ هاتووه له‌به‌ر ده‌ستی مردوو شۆردا ، یان وه‌كو ڕۆبۆتێكن كۆنترۆڵه‌كه‌یان به ده‌ستی ئه‌وانه‌وه بێت بۆ كوێ بیانه‌وێت ئاراسته‌یان بكه‌ن بیكه‌ن، هه‌ڵوێسیشیان له ئیسلام دیاره چۆنه.
* درووست بوونی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی كه له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه چالاكیان بڵاو ده‌كرێته‌وه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه كاریگه‌ری زۆر بووه له دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵكی له ئیسلامی كتاب و سوننه‌ت، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ش:
– هه‌ندێكیان له ئاڕاسته‌یه‌كی بێ دینییه‌وه و وه‌كو مولحیدێك قسه‌ده‌كه‌ن و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسلام.
– هه‌ندێكیان له ئاراسته‌یه‌كی ناسیونالیزمییه‌وه قسه ده‌كه‌ن وه‌كو جیگره‌وه‌ی ئیسلام و ئه‌مه‌ش ئاڕاسته‌یه‌كی په‌سه‌ند كراوی خه‌ڵكییه و سیاسه‌تمه‌دارانیش ئه‌و نهێنییه‌ی خه‌ڵكیان بۆ ده‌ركه‌وتووه و به‌رده‌وام خه‌ریكی وروژاندنی ئه‌و باسه‌ن.
– هه‌روه‌ها هه‌ندێكیش له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌یدا بوونه به ناو ئیسلامه‌وه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسلام ئه‌وانیش چه‌ندین جۆرن ئاێستیان تیایه به‌رگی ئیسلامی له‌به‌ر كردووه چونكه كاره‌كانی به‌و باشتر ده‌ڕوات و له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه گومان بۆ خه‌ڵكی درووست ده‌كه‌ن له دینه‌كه‌یاندا.
– هاوكات هه‌ندێ ئیسلامی و كۆنه ئیسلامی گومرایشیان تێدایه كه خه‌ریكی دژایه‌تی سوننه‌ت و تازه خویندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان و گه‌رم كردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و كوردایه‌تی وه‌كو جێگره‌وه‌ی ئیسلام وباسی عیرفان و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له بیروبۆچوونی تاقمه گومڕاكانی مێژوون به تایبه‌تی كاریگه‌ر بوون به بیری موعته‌زیله‌كان.
ئه‌مانه و زۆر هۆكاری تر بوونه‌ته فاكته‌رێكی به هیز بۆ نامۆكردنی ئیسلام و زاڵبوونی به‌ره‌و عه‌لمانی بردنی دینی ئیسلام له هزری خه‌ڵكیدا.
بۆیه له بنچینه‌دا مه‌سه‌له‌ی بانگه‌واز كردن بۆ دینی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی كیتاب و سوننه‌ت واجبیكی شه‌رعییه، به‌مه‌رجێك به‌بێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی خۆیان بوونه‌ته به‌شێك له ناشیرین كردنی ئیسلام و ئیسلامیان كردووه‌ته هۆكارێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتی سیاسی و حیزبی ودارایی له چوارچێوه‌ی هه‌ندێ لایه‌ن و رێكخرو و ناوی جۆراوجۆردا.
جێگای داخیشه ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی بانگخوازی وفه‌رمان به چاكه‌و و نه‌هی كردن له خراپه ئه‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌رگری له ئیسلام بكه‌ن له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه زۆربه‌یان كه‌سانیكی به‌زیون و چه‌ند لایه‌نێكیان له ئیسلام هه‌ڵبژاردووه باسی ئه‌كه‌ن و نا‌وێرن به‌لای زیاتر له سه‌دا حه‌فتای ئه‌و باسانه‌دا بڕۆن كه له‌قورئان و سوننه‌تدا هاتووه، بۆیه چالاكی ئه‌و جۆره مامۆستا‌و كه‌سایه‌تییه ئیسلامیانه ئه‌ویش جۆرێكه له خۆڵ له چاوكردنی موسوڵمانان و هه‌نگاوێكی ته‌واوكره‌ره له ڕاستیدا بۆ چالاكی عه‌لمانییه‌كان، چونكه به‌یه‌ك ئامانج كۆتاییان پێ دێت.
باوه‌ڕیشم وایه ئه‌وانه‌ی كه ده‌توانن بانگه‌واز بكه‌ن وچاكسازی بكه‌ن و له‌ڕیگه‌ی تێكه‌ڵبوونی ڕاسته‌وخۆ و ئه‌لیكترۆنی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به خه‌لكی پێویسته:
1- خۆیان تۆكمه و دامه‌زراوبن له ڕووی عه‌قیده و ته‌وحید و ئیمان و بیر‌و باوه‌ڕه‌وه به گشتی بۆ ئه‌وه‌ی بزانن خه‌ڵكی بۆ چی بانگ ده‌كه‌ن و له چی وریایان ده‌كه‌نه‌وه، نه‌ك خۆیان هیشتا زۆریان مابێت بۆ ئه‌وه‌ی له عه‌قیده‌ی ئیسلامی و بنه‌ماكانی كیتاب و سوننه‌ت تێبگه‌ن و وه‌كو وتراوه (فاقد الشیء لا یعطیه) كه‌سێك خۆی شتێكی نه‌بێت و له ده‌ستی دابێت، ناتوانێت به كه‌سی تری بدات.
2-به هچ شێوه‌یك له هیچ جۆره كارێكی سیاسی ئه‌م ڕۆژگاره به‌شدار نه‌بن و تێوه‌نه‌گلابن، چونكه هه‌رچی ده‌كرێت له‌م ڕۆژگاره‌دا له كوردستان و بگره له زۆربه‌ی جیهانیشدا له‌وه‌ی پێیان ده‌وترێت حیزب و لایه‌ن و ڕێكخراوی ئیسلامی له ڕووی فیكری و مه‌نهه‌جییه‌وه خۆیان به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی دژ به ئیسلامه‌وه داوه‌و له زۆرێك له بنچینه‌كانی دینه‌كه‌یان ته‌نازولیان كردووه و بنه‌ماكانی عه‌لمانییه‌ت دزه‌ی كردووه‌ته نێو سه‌رجه‌میانه‌وه وهه‌موویان به‌ڕێژه‌ی جیا جیا له سنووره‌كانی ئیسلام به تابیه‌تی له سنووره‌كانی عه‌قیده لایانداوه و له بنه‌ماكانی قورئان و سوننه‌ت دووركه‌وتوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت موسوڵمانێكی ساده ته‌نها به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی بۆ قورئان و به‌راوردكردنی حاڵی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وان له ئیسلام دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و پێچه‌وانه‌ی قورئان و سوننه‌ت ڕێ ده‌كه‌ن.
3- هه‌وڵ بده‌ن په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵكی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و ته‌وحید و ئیمان له سه‌ر پێناسه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت بكه‌ن و ئاوڕ له كه‌س نه‌ده‌نه‌وه و قسه‌ی حه‌قی خۆیان بكه‌ن و چاوه‌ڕوانی ده‌ره‌نجامه‌كانی نه‌بن و نه‌چنه گفتوگۆی بێ ئه‌نجام و كات كوشتن له گه‌ڵ مولحید و ئه‌هلی بیده‌ع و خاوه‌ن هه‌واو ئاره‌زوو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ئیسلامی‌یان كردووه‌ته هۆكاری به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و حیزبی مادی و له‌سه‌ری ده‌ژین.
4- هه‌ر كاتێك بۆیان ده‌ركه‌وت له‌خشته‌چوونی خه‌ڵكی به‌و ئاقاره گه‌یشتووه چاككردنی مه‌حاڵه و كار له كار ترازاوه وقسه‌كانیان هیچ سوودی نییه و له‌سه‌ر حیسابی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌تی خۆیان و ماڵ و مناڵ و خزمه نزیكه‌كانیان ده‌بێت، باشتره واز له خه‌ڵكی بێنن و لێیان دوور بكه‌ونه‌وه ودیاره بانگه‌وازی گشتی كارێكی بێ سووده و با خه‌ریكی خۆیان و خێزان و ئه‌و كه‌سانه بن كه ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییان له‌سه‌ریانه.
دووه‌م: دابڕان له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ و لایه‌ن وحیزبی سیاسی:
له بنچینه‌دا كاركردن له‌هه‌ر چوار چێوه‌یه‌كدا به‌مه‌به‌ستی فه‌رمان كردن به چاكه‌و نه‌هی كردن له خراپه، یان بڵاو كردنه‌وه‌ی زانستی شه‌رعی و هاندانی خه‌ڵكی بۆ كاركردن به قورئان و به سوننه‌ت و دووركه‌وتنه‌وه له بیدعه‌و په‌روه‌رده كردنی خه‌لكی له‌سه‌ر ئاینی پیرۆزی ئیسلام له ڕووی عه‌قیده‌ت و شه‌ریعه‌ته‌وه كارێكی مه‌زن وپیرۆزه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژگاره‌دا له كوردستان و له شوێنانی تر ده‌گوزه‌رێت ئه‌وه‌نده‌ی به‌ڕواڵه‌ت وایه به حه‌قیقه‌ت وا نییه و به كورتی دوو ڕواڵه‌تیان هه‌یه یه‌كیكیان ئه‌وه‌یه كه له خه‌ڵكه‌وه دیاره و ئه‌وه‌ی تریان ئه‌وه‌یه كه له خه‌ڵكه‌وه دیار نییه، واته ئه‌گه‌ر زیده‌ره‌وی تێدا نه‌بیت قسه‌كه ئه‌وه‌یه:(ظاهره الرحمة وباطنه من قبله العذاب).
كه باسی كتاب و سوننه‌ت ده‌كه‌یت و داوای پابه‌ند بوونیانی پیوه ده‌كه‌یت، ئه‌ڵێن ئه‌ی ئێمه به چی حوكم ده‌كه‌ین؟ به ئینجیل و ته‌ورات؟! كه ته‌ماشای واقعیشیان ده‌كه‌یت ئه‌وان له دۆڵێكن و ئیسلام له دۆڵێكی تره، سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ش هیچی پێویست نییه جگه له به‌راورد كردنی حاڵی ئه‌و لایه‌نانه وه‌كو مه‌نهه‌ج و په‌یڕه‌و و په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانی ومامه‌ڵه كردن و ئاكار به واتا گشتییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له قورئان و سوننه‌تدا هاتووه ده‌بینی مه‌وداری نێوانیان مه‌ودایه‌كی دوور و سه‌خته.
بۆیه به كورتی مادام ئه‌وه حاڵ و ولقیعی حیزبه ئیسلامییه‌كان بێت، تێكه‌ڵ بوون و هاوكاریكردن له گه‌ڵ هیچ كۆڕ‌و كۆمه‌ڵێكی ئیسلامی له كوردستان و له شوێنی تریش ئه‌گه‌ر حاڵیان وا بێت – نه‌خوازه‌ڵا حیزبی عه‌لمانی- حه‌رامه و سه‌رپێچییه بۆ بنه‌ما سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تاییه‌كانی ئیسلام له قورئان و سوننه‌تدا و تێپه‌راندنه بۆ هێڵه سووره‌كانی مه‌نهه‌ج وعه‌قیده، چونكه بۆ ئه‌وه‌ی له كارێكدا خێر‌و پاداشتت ده‌ست بكه‌ویت پێویسته ئه‌و كاره (الإخلاص والمتابعة) ی تێدا بێت واته به‌ته‌نها نیه‌ت بۆ الله بێت و كاره‌كه‌یشت به‌ڵگه‌ی قورئان و سوننه‌تی له‌سه‌ر بێت و كارێكی داهێنراو نه‌بێت له ئیسلامدا.
شایانی باسه لایه‌ن و حیزبه ئیسلامییه‌كان له كوردستان و له جیهاندا – به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی جیاواز- هه‌موویان له‌و دوو مه‌رجه تێكه‌وتوون به‌تایبه‌تی له مه‌رجی دووه‌مدا – واته مه‌رجی پێكان و شوێنكه‌وتنی شه‌رع – كاروچالاكییان ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌یت له‌گه‌ڵ شه‌رعدا ده‌بینی صواب نییه و ئه‌سته‌مه به‌ڵگه‌ی بۆ بهێنیته‌وه، ئه‌وه‌ش نه‌بێت مه‌به‌ستمان ئه‌وه بێت معصوم نین نه‌خێر، به‌ڵكو نصاب ی صوابیة یان تێدا نییه كه موسوڵمان بتوانێت پشتگیری‌یان بكات و تاوانبار نه‌بێت.
وه‌كو بۆچوونی خۆیشم و ئه‌وه‌نده‌ی كه له ئیسلامدا وه‌كو مه‌نهه‌ج و عه‌قیده‌و شه‌ریعه‌ت شاره‌زام، جگه له حیزبی نه‌هزه‌ی تونسی به‌سه‌ركردایه‌تی غنوشي هه‌رگیز لایه‌نێكی ئیسلامی له‌سه‌ر زه‌ویدا شاره‌زا نیم ئه‌وه‌نده‌ی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی كوردستان ته‌نازولیان له دینی ئیسلام كردبێت و له خه‌می ڕازیكردنی عه‌لمانییه‌كان و شه‌قامی كوردیدا بن بیری ناسیونالیزمییان تێكه‌ڵ به‌دین كردبێت و بگره هه‌ندێكیان بیری نه‌ته‌وایه‌تی به زمانی كردار پێش دینه‌كه‌یان ده‌خه‌ن، ڕێز‌و حه‌زی نزیكبوونه‌وه‌و هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ل لیبرالی و قه‌ومی و عه‌لمانییه‌كاندا له كاتێكدا جگه له‌وه‌ی به‌و كاره‌یان سه‌رپێچی بابه‌ته جێگیره‌كانی دینه‌كه‌یان كردووه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌ن و ته‌وژمانه به به‌ڵگه‌ی واقیع و میژووی نوێی كوردستان نه ڕێز له ئه‌مان و نه له دینه‌كه‌یان ناگرن و سووكایه‌تی به پیرۆزییه‌كانیانی ئه‌و حیزبه ئیسلامیانه ده‌كه‌ن ومیژوویه‌كیشیان له ئازاردان و په‌راوێزخستنیاندا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان له جیاتی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له نه‌یارانی دینه‌كه‌یان به هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه به خێراییه‌كی به‌رچاو به‌ره‌و ئه‌وان ده‌چن و ڕۆژ له ڕۆژ لێیان نزیكتر ده‌بنه‌وه‌و له سیاسه‌ت و ڕاگه‌یاندن و زۆر بواری تر لاساییان ده‌كه‌نه‌وه ته‌نانه‌ت به‌مه‌به‌ستی رازی كردنیان ده‌ڕۆن له مزگه‌وته‌كاندا پێشانگای شێوه‌كاری بۆ كه‌سانێكی دژ به فیكری ئیسلامی ده‌كه‌نه‌وه و تابلۆی تێدا نمایش ده‌كه‌ن كه پیاو ماچی ئافره‌ت ده‌كات، ئه‌و كاره و سه‌دان كاری تریشیان هێشتا نابێته ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌كانان ڕزی راسته‌قینه‌یان لی بگرن و به‌به‌ڵگه‌ی واقیع هه‌ر به سووك ته‌ماشایان ده‌كه‌ن، ئه‌م نموونه‌ش وه‌كو دڵۆپه‌یه‌ك له ده‌ریای كاریگه‌ر بوونیان به عه‌لمانییه‌كان باس ده‌كه‌م ئه‌گینا ئاماری سه‌رپێچییه‌كان پێویستی به كتێبێكه له چه‌ندین به‌رگی گه‌وره‌دا بنووسرێت، لێره‌شدا به كورتی وه‌كو به‌ڵگه‌ی حه‌رامێتی تێكه‌ڵ بوون و كاركردن له گه‌ڵیان ته‌نها چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه ڕوو، چونكه ئه‌م باسه‌ش دیسان ئه‌گه‌ر درێژه‌ی پێ بدرێت و به‌ڵگه‌كان بخرێنه ڕوو نووسینی زۆری ده‌وێت:
1- ئه‌وان تووشی له خشته‌چوونی بیروباوه‌ڕ بوونه له جۆره‌كانی ته‌وحید به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی حوكم كردن به دستووره ده‌ستكرده‌كان و قبوڵ كردنیان به زمانی حاڵ بۆ گۆڕینی حوكمه‌كانی ئیسلام به تایبه‌تی له بواری سزای تاوانه‌كان و بواره‌كانی تر، هه‌وره‌ها تووشی سه‌رگه‌ردانی بوونه و خه‌ڵكێكی زۆریشیان گومڕا كردووه به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ولائوبه‌رائیان له دیدیاندا تێكداوه‌و ناشیرین كردووه و ئه‌وه‌ش وای كردووه سنووره‌كانی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمان و مه‌سیحی و یه‌هودی و بوزی و ئایینه‌كانی تر لابدرێت و برایه‌تی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی بكرێته جێگره‌وه‌ی برایه‌تی ئیسلام و ئه‌م باسه‌ش ورده‌كاری زۆری تێدایه و قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت و به‌ڵگه‌شی زۆر له‌سه‌ری به‌ڵام لێره‌دا جێگه‌ی شیكردنه‌وه‌یان نییه.
2- تێكه‌ڵبوونی ته‌واویان و كاركردنیان و رازی بوونیان به هه‌موو سیستمه جاهیلییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه كه له گه‌ڵ قورئان و سوننه‌تدا به سه‌ختی تێكده‌گیرێت و هه‌رگیز كۆنابنه‌وه، وه‌كو سستمی دیموكراسی و لیبرالی و ناسیونالیزم كه جیڕگه‌وه‌ی نه‌ك ته‌نها ئیسلامه، به‌ڵكو جێگره‌وه‌ی هه‌موو دینێكه و ئیسلامییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كیان له كاركردن به سیستمی دیموكراسی نییه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئیسلامدا تێك ده‌گیرێت، به‌و پێیه‌ش حاڵیان حاڵی عه‌لمانییه‌كانه به‌شداری له هه‌ڵبژارنه‌كاندا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ عه‌لمانی و ماركسی و قه‌ومی هاوپه‌یمانێتی ده‌به‌ستن و له هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌و بابه‌ته هه‌ستیارانه‌دا نه بۆ قورئان و نه بۆ سوننه‌ت ناگه‌ڕینه‌وه‌وته‌نها ئه‌وه‌ی كه له ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كانیان و له په‌یڕه‌وو پرۆگرامه ناوخۆییه‌كانیاندا هاتووه نه‌بێت، گرنگی به هیچی تر ناده‌ن.
له‌مه‌شدا گه‌وره‌ترین یارمه‌تیده‌ری سه‌ركه‌وتنیان بریتییه له جه‌هلی ئه‌ندامان و شوێنكه‌وتووانیان به‌و ئیسلامه‌ی كه ئه‌ڵێن كاری بۆ ده‌كه‌ین و خزمه‌تی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر سه‌د ئایه‌ت و فه‌رمووده‌یان بۆ حه‌رامی مه‌سه‌له‌یه‌ك بۆ بهێنیته‌وه، یه‌ك سه‌ركرده‌ی زمان لووسیان به دوو قسه‌ی ده‌رباره‌ی فیقهی واقع و فیقهی مقاصد كه ئه‌وه بووته ئه‌و په‌ته‌ی هه‌موو كاره ناشه‌رعییه‌كانیانی پێوه هه‌لده‌واسن هه‌موویت بۆ هه‌ڵه‌وه‌ه‌شێنیته‌وه و مه‌حاڵه بتوانیت به قال الله و قال الرسول كاریان تێبكه‌یت یان هه‌لویستیان بگۆڕێت و بگره به هۆی جه‌هلی خۆیان به دینه‌كه‌یان به‌زه‌یان به‌عه‌قڵی ئه‌و كه‌سه‌شدا دێته‌وه كه ئامۆژگاری شوێنكه‌وتنی كیتاب و سوننه‌تیان ده‌كات، یان تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن كه له به‌رژه‌وه‌ندی عه‌لمانییه‌كان و دژ به ئیسلامییه‌كان قسه ده‌كات یان به توندره‌وی و ناو‌و ناتوۆره‌ی تر وه‌سفی ده‌كه‌ن.
3-حیزب و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان كه‌وتوونه‌ته ژێر فشار و لێشاوێكی به هیزی هزری عه‌لمانی له هه‌موو ئاسته‌كانیاندا و له هه‌موو شتێك‌دا و كێبڕكێ ده‌كه‌ن به كاروانی پێشكه‌وتنی ئه‌واندا بگه‌ن، له‌نه‌وه‌ده‌كان ئه‌و بابه‌ته جێگای شه‌رمه‌زاری بوو له‌لایای زۆربه‌یان به‌ڵام ئێستا جگای شانازییه له‌لای زۆربه‌یان، نه‌وه‌یه‌ك درووست بووه ئێستا – كه بریتین له بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و حیزبانه و هێڵی كاریگه‌ری ناو ڕیزه‌كانی ئه‌وانن – بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له خۆیان بێت، جگه له ناو و هه‌ندێ درووشم و قسه‌ی زل و به‌تاڵ له ناوه‌ڕۆك نه‌بێت هه‌ڵگری هه‌مان فیكر‌و حه‌زو خولیا‌و ئامانجه‌كانی ئه‌وانن.
4- له سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبانه‌و ئه‌وانه‌ی به ناویانه‌وه لێدوان ده‌ده‌ن و نوینه‌رایه‌تیان ده‌كه‌ن له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وان ئامانجیان جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت نییه ونه كاركردن به ئیسلام له‌به‌ر نامه‌یاندایه ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو نیشتمان و هاونیشتمانیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌موو خه‌مێكی ئه‌وانه، كێشه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌یخوارد ن و مه‌یخانه‌كاندا نییه دایبخه‌ن ئه‌گه‌ر سبه‌ینی ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرت، یان له مه‌سه‌له‌ی پۆشاكی ئیسلامی‌دا كاریان به‌سه‌ر كه‌سه‌وه نییه و هه‌ركێ ئازاده چی ئه‌كات وچی حه‌رام و قه‌ده‌غه‌كراویك ئه‌نجام ئه‌دات و به‌ڵكو چی دینێك هه‌ڵده‌بژێرێت و له چی بوارێكدا كار ده‌كات له هونه‌ر و سینه‌ما و ته‌نانه‌ت له‌شفرۆشه‌كانیش كه‌س ناتوانێت ڕێگرییان لێ بكات و ئه‌وان به‌یاسا ئیشه‌كانیان ڕێك ده‌خرێت.
4- یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی حه‌رامێتی كاركردن وهاوكاری كردنی ئه‌و حیزبه ئیسلامیانه ئه‌وه‌یه مه‌رجیعیه‌تی ئه‌وان كتاب و سوننه‌ت نییه، ناشتوانن نكۆله بكه‌ن له‌و ڕاستییه و ئه‌گه‌ر بیكه‌ن به واقیعی حاڵ و ڕه‌فتاره سیاسییه‌كانیان به‌رپه‌رچ ده‌درێنه‌وه،
هه‌رگیز نا‌توانیت به ئایه‌تیكی قورئان یان فه‌رمووده‌یه‌كی صحیح كارێكی ناشه‌رعی ئه‌وان ئه‌وان ڕابگریت و هه‌نگاوێكیی ناكۆكیان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا بوه‌ستێنی، ئه‌گه‌ر وایش بیر بكه‌یته‌وه هه‌رچی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی له‌سه‌ر نه‌بێت ڕه‌تی بكه‌یته‌وه هه‌رگز له ناویاندا جێگه‌ت نابێته‌وه، چونكه پێویسته متمانه‌ی ته‌واوت به‌سه‌ره‌وه‌ی خۆت هه‌بێت كه هه‌رچی كارێك ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر چی به‌ڕواڵه‌ت سه‌رپێچییه بۆ عه‌قیده‌و یان بۆ شه‌رع، بڵام پێویسته متمانه‌ت هه‌بێت حیكمه‌تێك له پشتییه‌وه هه‌یه و سه‌ركردایه‌تی حیزب بێگومان ئه‌وه‌ی لێ شاراوه نییه و ده‌زانێت چی ده‌كات و تۆ له‌سه‌رته گوێڕایه‌ڵی ته‌واو نیشان بده‌یت، ئه‌گینا ئه‌ندامێكی گوێرایه‌ڵ و باش نیت.
ئه‌مه‌ش پێویسته وا بكات هه‌موو موسوڵمانێكی مولته‌زیم به دینه‌كه‌ی و په‌رۆش بۆ جێبه‌جێكردنی قورئان و سوننه‌ت لییان دوور بكه‌وێته‌وه و به درشمی زل و قسه‌ی سه‌رنج ڕاكێش فریو نه‌خوات و له‌وه دڵنیا بێت كه كارنه‌كردن و تیوه‌نه‌گلان به كارێكی ناوابه‌سته به كتاب و سوننه‌ت خۆی له خۆیدا گه‌وره‌ترین كاره وسه‌ربه‌رزییه بۆت كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ لای په‌روه‌ردگارت، به كورتی: ئیسلامییه‌كان ئه‌مڕۆ به زمانی حاڵ شه‌رم ده‌كه‌ن له‌وه‌ی قورئان و سوننه‌ت هه‌مووی و به تێكڕایی وه‌كو مه‌رجیعیه‌تیكی سه‌ره‌كی باس بكه‌ن و بانگه‌وازی بۆ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی له بواری سزاكاندا كه عه‌لمانییه‌كان ده‌ست بڕین و ره‌جم كردن به هه‌مه‌جییه‌ت و دواكه‌وتن داده‌نێن ، ئیسلامییه‌كان جورئه‌تیان نییه بانگه‌واز بۆ مه‌شروعیه‌تی چجای جێبه‌جێكردنی هیچ سزایه‌كی شه‌رعی بكه‌ن بۆ تاوانه‌كانی داوێن پیسی و مه‌ی خواردن و بوختان كردن و دزی و.. به‌و سزایانه ڕازی بوونه كه له یاسا ده‌ستكرده‌كاندا هاتووه و ئه‌وه‌ش ڕازیبوونه به (الحكم بغیر ما انزل الله) و به ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌یه بۆ حوكمی قورئان و سوننه‌ت و شه‌رم كردنه له باسكردنی نه‌خوازه‌ڵا باسی جێبه‌جێكردنی.
5- ئه‌وان بوونه‌ته هۆكاری دابه‌ش بوونی موسوڵمانان و درووست بوونی ده‌مارگیری و دامه‌زراندنی خۆشویستن و پشتگیری و ڕق لێبوون و دژایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی به حیزبه‌وه، ئه‌ندامی ئه‌وان بیت كه‌سێكی باش و به توانا و دوڵسۆزیت بۆ ئیسلام و شاییسته‌ی هه‌موو هاوكاری وڕێزگرتن و به‌رگرییه‌كی له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، نه‌خێر كه‌سێكی دوا كه‌وتوو و تینه‌گه‌یشتوو و سنوور به‌زێن و بێ ویژدان و ته‌نها خۆت به زانا و ئه‌هلی به‌هه‌شت ده‌زانیت، به كورتی له‌گه‌ڵیان بیت كه‌سێكی باشی به‌ده‌ر له دووریت له فیكر و عه‌قیده‌ی ئیسلامی، له گه‌ڵیانیش نه‌بیت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێت و لادانه‌كانیان ئاشكرا بكه‌یت خراپیت و خزمه‌تكاری عه‌لمانییه‌كانی و ئه‌گه‌ر مانگ له نێو چه‌وانته‌وه هه‌ڵبێت تۆ هه‌ر كه‌سێكی پیلان گێر و زیان به‌خشیت و له فیقهی واقع تێناگه‌یت و مه‌سڵه‌حه‌ت و مه‌فسه‌ده‌ت بۆ له‌یه‌ك جیاناكرێته‌وه! هه‌زار موسوڵمان بیت و خه‌مخۆری ئیسلام بیت و زانستی شه‌رعیت پێ بێت دادت نادات و له ڕیزه‌كانیاندا نه‌بیت دونیات به‌سه‌ردا بڕوخێت حه‌قیان به‌سه‌رته‌وه نییه، مه‌گه‌ر به ته‌ماحی ئه‌وه‌ی بۆ لای خۆیانت ڕابكێشن.
6- له هۆكاره‌كانی حه‌رام بوونی تێكه‌ڵ بوون و كاركردن له گه‌ل ئه‌واندا ئه‌وه‌یه؛ ئه‌وان به ته‌واوی له گه‌ڵ نه‌یارانی دینی ئیسلامدا تیكه‌ڵ بوونه و هیچ شه‌رمێكان نه‌ماوه له تێكه‌ڵ بوون و كاركردن وخۆشویستن و هاوپه‌مانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه چاویان به ئیسلام هه‌ڵنایه‌ت و ئیسلام به پاشماوه‌ی سه‌ده تاریكه‌كان ده‌زانن و بگره له پێناسه‌ی خودی خۆیانیشدا تاكو چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ی ئه‌وان بریتی بوو له كوفر‌و شیرك و ئه‌و قسانه‌شیان تاكو ئیستا به نووسراوی و به بینراوی هه‌ر ماوه‌ته‌وه و شوینكه‌وتوانیشیان كێشه‌یه‌ك نابینن له‌وه‌ی قسه‌ی دوێنێی سه‌ركرده‌كانیان له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌مڕۆیاندا سه‌د و هه‌شتا پله جیاوازه! چونكه وه‌كو وتمان گوێڕایه‌ڵی وا ده‌بێت!
7- زێده‌ڕه‌وی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی حیزبه ئیسلامییه‌كان له مه‌سه‌له‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و هزری ناسیۆنالیزمی و پێشخستنی به‌سه‌ر سه‌روه‌ری حوكمه‌كانی ئیسلام و برایه‌تی ئیسلامدا، به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌وان توانیویانه نه‌وه‌یه‌ك په‌روه‌رده بكه‌ن كه به زمانی حاڵ و گوفتاریش بڵێن: ئێمه كوردین پێش ئه‌وه‌ی موسوڵمان بین، پێویسته ئیسلامیش به ڕه‌نگی كوردایه‌تی ڕه‌نگ بكه‌ین و چه‌ندین گومڕا له‌سه‌ر كه‌ناله‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه بانگه‌واز بۆ ئیسلامێكی كوردی ئه‌كه‌ن به پێناسه‌ی خۆیان له ڕوانگه‌یه‌كی كورد په‌روه‌ری و نه‌ته‌وه په‌رستییه‌وه پیناسه‌ی چه‌مكه‌كان ده‌كه‌نه‌وه و حیزبه ئسلامییه‌كانیش نه‌ك به‌رانبه‌ر ئه‌وانه ناوه‌ستنه‌وه، به‌ڵكو له ناو ڕێزه‌كانی حیزبه‌كانیاندا له‌و جۆره كه‌سانه‌یان زۆرتێدایه.
8- به‌رژه‌وه‌ندی مادی و مه‌عنه‌وی بووه‌ته بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی و بووه به ئامانجێك له ناو زۆرێك له‌و حیزبانه‌دا، بۆ نموونه زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كان خه‌ون به‌و ڕۆژه‌وه ده‌بینن و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له ڕێگه‌ی حیزبه‌كانیانه‌وه لێپرسراوێتی گه‌وره به ده‌ست بهینن به‌تایبه‌تی ئه‌ندام په‌رله‌مانی كه مووچه‌و ئیمتیازاتی خه‌یاڵییان ده‌ست ده‌كه‌وێت و به ده‌ستهێنانی پله‌و پایه‌و مه‌نسه‌به‌كانی تر له كاتی به‌شداری كردن له حكومه‌تدا، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی ئه‌ندامان له‌سه‌ره‌وه تا خواره‌وه و به پێی كار و پله‌ی حیزبی خۆیان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن له ئیمتیازی دارایی گونجاو له ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی حیزب له بواری كاری ڕێكخراوه‌یی و ڕاگه‌یاندن خێرخوازی و دامزراوه‌كانی تر، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی پشك و مووچه له‌و بڕه پارانه‌ی كه حكومه‌ت و حیزبه عه‌لمانییه‌كان له سه‌ره‌وه‌و له ژێره‌وه به ئاشكرا‌و به نهێنی وبه ئامانجی جۆراوجۆر پێیانی ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زۆر بێ كار و هه‌ژار و گه‌نجی خاوه‌ن شه‌هاده‌و دانه‌مه‌زراو به‌و ته‌ماحه‌وه بچنه نێو ڕیزه‌كانیان و نه‌توانن هیچ ناڕه‌زاییه‌ك له‌سه‌ر كاره ناشه‌رعییه‌كانیان نیشان بده‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕن بێ به‌ش ده‌بن له‌و ئیمتیازاته داراییانه.
9- خاوه‌نی هه‌موو جۆره فیكرێكی لاده‌ر و گومڕا له ناویاندا جێگه‌ی ده‌بیته‌وه و مادام ئه‌ندام و لایه‌نگر بێت هیچ كێشه و گرفتێكی نابێت، بۆ نموونه:
– دژایه‌تی سوننه‌ت دیارده‌یه‌كه له ناویاندا نه‌ك هه‌ر ئاساییه، به‌لكو له ڕاگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه سووكایه‌تی به ئه‌بو به‌كر و عه‌مه‌ر و بوخاری و موسلیم و كتێبه‌كانی فه‌رمووده ده‌كرێت و له‌سه‌ر هه‌واوه گومان ده‌رباره‌ی سوننه‌ت بۆ موسوڵمانان په‌خش ده‌كه‌ن و به‌ڕێزه‌وه میوانداری له دژه سوننه‌ته‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانیان و سه‌ردانیان بۆ ڕێك ده‌خه‌ن بۆ باره‌گاكانیان بۆ ئه‌وه‌ی گومان له‌سه‌ر كتێب و سه‌رچاوه باوه‌ڕ پێكراوه‌كانی سوننه‌ت له‌لای ئه‌ندامانیان درووست بكه‌ن.
– جنێودان به‌هاوه‌ڵان و سوكایه‌تی پێكردنیان به ناو ڕه‌خنه‌گرتنی زانستی زۆر دیارده‌یه‌كی ئاساییه و كه‌س له ئه‌ندامان – ئه‌گه‌ر گریمان به‌وه‌ش ڕازی نه‌بێت – ناوێرێت ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌ت بار نه‌كرێت له دڵسۆزیدا بۆ حیزبه‌كه‌ی، جاری وا هه‌یه سه‌ری یه‌كه‌می حیزب به خۆی سووكایه‌تی به هه‌ندێ له هاوه‌ڵان ده‌كات و به سته‌مكار وه‌سفی ده‌كات.
– بیری موعته‌زیله‌كان له ناویاندا زۆر به‌ربڵاوه و ڕووی سه‌رانی ئه‌وانیان سپی كردووه و بنه‌ماكانی فیكری موعته‌زیله به ناڕاسته‌وخۆ به گوێی موسوڵمانی كورددا ده‌ده‌ن له‌سه‌ر حیسابی ده‌ستگرتنی ئه‌وان به مه‌نهه‌جی پێشینانی چاكه‌وه و زۆربه‌ی گومانه‌كانی موعته‌زیله له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێ گومڕاو زمان لووسه‌وه له‌و كه‌ناڵانه‌وه باس كراوه.
– هه‌روه‌ها بیری عه‌لمانی و ناسیونالیزمی و عیرفان وتصوف ی توندڕه و به مه‌زن ده‌رخستنی حه‌لاج و مه‌ولانا و ابن عه‌ره‌بی و بانگه‌واز كردن بۆ فیكری شیعه و ئه‌شعه‌رییه‌ت و ڕێباز‌و گروپی تر زۆر ئاسایی و به بڵاوه له ناویاندا.
ئه‌مانه‌و چه‌ندین دیارده‌ی ناشه‌رعی تر له لادان زۆر به‌ڕوونی له‌ناو ئه‌واندا به دی ده‌كرێت و ئه‌مه‌یش به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی موسوڵمانی وابه‌سته به قورئان و سوننه‌ت چه‌ند بتوانێت دووریان لێ بگرێت.
10- بانگه‌وازێك هه‌یه له ناو سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كاندا، ساڵ به ساڵ جومهوری و پشتیوانانی زۆرتر ده‌بێت، به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌گه‌شتووه‌ته ئه‌وه‌ی بخرێته بازنه‌ی جێبه‌جێكردنه‌وه ئه‌ویش بریتییه له لادان و خۆ ڕزگار كردن له پاشگری ئیسلامی، له زۆربه‌ی كۆنگره‌كانیاندا باسی ئه‌و مه‌سه‌له ده‌كه‌ن واته به‌سه بوترێت فڵانه حیزبی كوردستانی ئیتر ئه‌و پاشگری ئیسلامییه هیچ پێویستییه‌ك نییه بۆ مانه‌وه‌ی.
له ڕاستیدا ئه‌وان به پله‌ی یه‌كه‌م – ناڵێم هه‌موویان – به‌ڵكو زۆربه‌یان پێناسی نه‌ته‌وییان به‌لاوه گرنگه و هه‌ست به ئینتیمای حه‌قیقی – نه‌ك زاره‌كی – ناكه‌ن بۆ ئیسلام به‌ده‌ر له په‌یوه‌ندی به‌و پێناسه‌و وابه‌سته بوون به خاك و نیشتمان و ئاو‌و شاخ و دۆڵ و نشێوه‌كانی…هۆكاری یه‌كگرتنه‌وه‌شیان له گه‌ڵ عه‌لمانییه‌كان وهه‌بوونی زۆر حاڵی هاوبه‌ش له نێوانیاندا و له‌بیركردنیان بۆ زۆرێك له بابه‌ته جێگیره‌كانی بیروباوه‌ڕی خۆیان، پێم وایه هه‌مووی هه‌ڵقوڵاوی خاڵه نه‌ته‌وه‌ییه هاوبه‌شه‌كانیانه له‌گه‌ل ئه‌وان. له ئێستادا له ناو حیزبه ئیسلامییه‌كاندا ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره پێناسی نه‌ته‌وایه‌تی ته‌نگی به پێناسی ئیسلامی هه‌ڵچنیوه و وابڕوات له ساڵانی داهاتوو گۆڕانكاری سه‌رسوڕهینه‌رتر ڕوو ده‌دات.
11- یه‌كیكی تر له خراپییه‌كانی ئه‌و حیزبانه كه وا ده‌كات موسوڵمانی مولته‌زیم و موه‌حید نه‌توانی بمێنیته‌وه له ناویاندا، هه‌بوونی كاری ناشه‌رعی و ناكۆكه له گه‌ڵ شه‌رعی ئیسلامدا، ئه‌گه‌رچی به‌راورد به هه‌له‌ی بیروباوه‌ڕ ئه‌مه‌یان ئاسانتره به‌ڵام نه‌شیاوه بۆ كه‌سانێك كه بانگه‌شه‌ی گێرانه‌وه‌ی حوكمی ئیسلامی ده‌كه‌ن، له دیارترینیان:
– خۆ ده‌رخستنی ئافره‌ت و خۆ جوان كردنه‌وه‌یان وه‌كو بێژه‌ر و پێشكه‌شكار له كه‌ناڵه‌كانیان و به‌شداری كردنیان به جل و به‌رگی ورۆژێنه‌ردا له پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێ جار ته‌وقه كردن له گه‌ڵ پیاوان و باسكردنی بابه‌تی سێكس و هه‌ندێ باس له لایه‌ن بێژه‌ره ئافره‌ته‌كان له گه‌ڵ میوانی پیاو‌دا له دیمه‌نگه‌لێكی ڕوون له كه‌وتنه ژێر فشاری عه‌لمانییه‌كان و تێكه‌ڵبوونی ژنان و پیاوان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی حیزب و زیده‌ڕه‌وی كردن له لێدانی مۆسیقا‌و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ زنجیره‌ی دۆبلاجكراوی دوور له مه‌به‌سته‌كانی ئیسلام و هه‌ڵكردنی ئاگری نه‌رۆز له‌به‌رده‌م باره‌گای هه‌ندێ له‌و حیزبانه و داواكردنی به‌شداری ئافره‌ته موسوڵمانه‌كان له مه‌له‌وانگه‌و زۆر دیارده‌ی ناشه‌رعی تر و بانگه‌شه كردن بۆ زۆر شت له‌وانه‌ی كه عه‌لمانییه‌كان كوتوموت بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
12- زۆربه‌ی حیزبه ئیسلامیه‌كان له كوردستان و له‌وڵاتانی دونیا په‌یڕه‌وی له تێگه‌یشتنیك ده‌كه‌ن له حوكمه‌كانی ئیسلامدا كه له ئه‌وپه‌ڕی شلی و دابه‌زین و به‌زیندایه، بێ ئاوڕدانه‌وه له ئایه‌تی قورئان و سوننه‌تی راست و درووست، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ری ساڵدا له‌به‌رزترین ئاستی حیزبی‌دا پیرۆزبایی له دایكبوونی عیسا سه‌لامی خوای لێبێت له گاوره‌كان ده‌كه‌ن له كاتێكدا ئه‌وان عیسا به خوا ده‌زانن، ئینجا به ئه‌و په‌ڕی متمانه‌وه ئه‌ڵێن گاور‌و جوله‌كه برامانن و كافریش نین و ئه‌وانیش وه‌كو ئێمه ئه‌هلی كتابن، ئێمه قورئانمان هه‌یه و ئه‌وان ئینجیل و ته‌وراتیان هه‌یه، له كاتێكدا مه‌سیحییه‌كان ئه‌وه ناشارنه‌وه كه موسوڵمان به كافر ده‌زانن، وه‌كو ئه‌وه‌ی یه‌ك ئایه‌ت له قورئاندا نه‌هاتبێت ئه‌وانی به كوفر وه‌سف كردبێت، ته‌نانه‌ت گومڕایه‌كیان هه‌یه له میسر كه زۆرێك له بانگخوازه‌كانی كوردستان ئه‌و به پێشه‌نگی خۆیان ده‌زانن و لاسایی ده‌كه‌نه‌وه ده‌یووت شه‌یتانیش كافر نییه و تاكو ماوه‌یه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو! به‌ڵام دواجار مامۆستایه‌كی كۆنی خۆی هه‌رچۆنێك بوو قه‌ناعه‌تی پێكرد كه شه‌یتان كافره.
ئه‌وانه‌شیان تا دوێنی غیره‌ت وتوندییه‌كان له دینداریدا هه‌بوو، ئه‌مڕۆ به چه‌ند قۆناغێك شله‌كانی دوێنیان به جێهێشتووه و پێشیان كه‌وتوون له ڕووی سیاسه‌ت و راگه‌یان و پاشكۆیی لایه‌نی ده‌ره‌كی دژ به دینه‌كه‌یان، وه‌كو كورد ده‌ڵن: ڕه‌حمه‌ت له كفن دز، یان وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: (ملكیون أكثر من الملك).
13- گه‌وره‌ترین كێشه مه‌نهه‌جی و بیروباوه‌ڕییه‌كانی ئه‌و حیزبانه ئه‌وه‌یه تاك له‌سه‌ر عه‌قیده‌ی ڕاست و درووستی ئه‌هلی سوننه دانامه‌زرێنن و له بنچینه‌وه بایه‌خ به‌و پرسه گه‌وره‌یه ناده‌ن، له‌وانه‌شه هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك و له‌بیرچوونێكی ساده نه‌بێت، به‌ڵكو كارێكی به‌رنامه بۆ دارێژراو بێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ناو ئه‌و حیزبانه له‌سه‌ر ئه‌و عه‌قیده‌ی له قورئان و سونه‌تدا هاتووه و ئه‌وه‌ی زانایانی پێشینی ئه‌م ئومه‌ته باسیان كردووه په‌روه‌رده بكرێن ئیتر ناتوانن له كاركردن له ناو ئه‌و حیزبانه به‌رده‌وام بن و ڕیزه‌كانیان به‌جێ ده‌هێڵن. له ناوحیزبه ئیسلامییه‌كاندا ده‌گمه‌نه و ئه‌سته‌مه خولێك بكرێته‌وه بۆ:
– باسه‌كانی ته‌وحید به‌تایبه‌تی ته‌وحیدی ئولوهییه‌ت و ئه‌سمائو سیفات و چه‌مكی ئیمان و پێناسه‌ی له‌لای ئه‌هلی سوننه‌ت و شاره‌زا بوون و ره‌تدانه‌وه‌ی بیری تاقمه گومڕاكان.
– یان خولێك بكرێته‌وه بۆ باسه‌كانی الولا‌ء والبراء له ڕۆشنایی ئایه‌ته‌كانی قورئان و سه‌حیحی سوننه‌تدا.
– یان باسی جیهاد و تێكۆشان له پێناو الله هه‌روه‌كو باسێكی نه‌زه‌ری په‌تی كه له قورئاندا باس كراوه و هیچ نه‌بێت ببه‌سترێته‌وه به به‌رگری كردن له وڵات و نیشتمان و دینی خه‌ڵكی كورد.
– یان پێویستی حوكم كردن به قورئان و سوننه‌ت و خراپی گۆڕینه‌وه‌ی حوكمی ئیسلام به حوكمی دیموكراسی و ئه‌و جۆره باسانه.
– یان قه‌ڵاچۆكردنی بیدعه‌و گرنگی ڕێزگرتن له سوننه‌ت.
– یان شه‌رح كردنی هه‌ندێ كتێبی فه‌رمووده و لێكدانه‌وه‌ی متون و سه‌رچاوه‌ی عه‌قیده وه‌كو (اصول السنة) ی ئیمام ئه‌حمه‌د و (العقیدة الطحاویة) و كتێبه‌كانی (ابن تیمیة و محمد بن عبدالوهاب).
به‌ڵام زۆر ئاساییه خول بكرێته‌وه وسیمینار بگیرێت و ڕاگه‌یاندن ته‌رخان بكه‌ن بۆ:
– باسی گرنگی دیموكراسی و ئازادی تاكه‌كه‌سی و گرنگی كاری سیاسی له‌م سه‌رده‌مه بۆ موسوڵمان.
– یان باسی به‌ڵگه‌ی شه‌رعییه‌تی به‌شداری كردن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا( له‌م باسه‌یاندا هه‌ر زانایه‌ك كه ئه‌وان هه‌ر باوه‌ڕیان پێی نییه و بگره گاڵته‌شی پی ئه‌كه‌ن زه‌له‌یه‌كی كردبێت و وتبێتی هه‌ڵبژاردن درووسته و شایه‌تتیه و …ئه‌وان به قسه‌ی ده‌كه‌ن و له ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌رزمان و بن زمانیان هه‌ر ابن باز و ابن عثیمین ه به‌ڵام له بواره‌كانی تردا كاتێك به‌ڵگه‌ی شه‌رعی كاره‌كانی ئه‌وان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌و له بنچینه‌وه حیزبه‌كانیان به بیدعه‌و به خراپه ده‌زانن،له‌و مه‌سه‌لانه‌دا ئه‌وان زانای حه‌یزو نیفاسن و سه‌ریان له‌سیایه‌ت و زۆر شتی تر ته‌قه‌ی دێت.
– یان خول كردنه‌و له دوای خول كردنه‌وه له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی مرۆیی كه تا باسێكی له‌گه‌ڵ شه‌رعی ئیسلامدا گونجاوه ده باسی ناكۆكه.
– یان خولێك بكه‌نه‌وه بۆ باسكردنی مه‌زنی و گه‌وره‌یی مه‌ولانا ( كه مه‌ولانا یه‌كێكه له بێ دینترین و گۆمڕاترین ئه‌وانه‌ی له مێژوودا ناویان هاتووه).
بۆیه دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه له‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه سیاسی و حیزبییانه‌ی له كوردستان و وله وڵاتانی تر هه‌یه واجبێكی شه‌رعییه و هه‌نگاوێكه له‌سه‌ر ڕێگای راست له بیروباوه‌ڕدا به هۆی ئه‌و هه‌موو لادان و تێكدانه‌یان بۆ بنه‌ماكانی ئایین.
چه‌ند تێبینییه‌ك:
1- ئه‌گه‌رچی من شاره‌زا نیم جه‌ماعه‌تێك هه‌بێت به‌ته‌واوی له‌سه‌ر كیتاب و سوننه‌ت بێت و شاییسته‌ی ئه‌وه بێت له‌گه‌ڵیان بیت له‌م سه‌رده‌مه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت كۆمه‌ڵێك هه‌بێت كار به كتاب و سوننه‌ت بكات و خه‌ریكی بانگه‌واز و په‌روه‌رده‌كرن و فێركردنی ئیمان و ته‌وحید و بیروباوه‌ڕبێت به گشتی و به‌شداری سستم ودیارده جاهیلییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه نه‌كات وه‌كو دیموكراسییه‌ت و ده‌نگدان وبه‌شداری كردن له په‌رله‌مان ونزیك نه‌كه‌وێته‌وه له هیچ ده‌سه‌ڵات و حوكمه‌تێك له مانه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره كه ناكۆكییان له‌گه‌ل ئیسلامدا وه‌كو ڕۆژی ڕووناك دیاره و به‌كرێگرته‌ی هیچ ده‌وڵه‌ت و لایه‌نیك نه‌بێت و ئه‌جیندای كه‌س جێبه‌جێ نه‌كات و ته‌نها مه‌به‌ستی سه‌رخستنی دینه‌كه‌ی بێت، هیچ كێشه‌یه‌ك نییه و بگره واجبیشه خزمه‌تی ئاوها كۆڕ‌و كۆمه‌ڵێك بكه‌یت، به‌ڵام ئایا كۆمه‌ڵی وا بوونی هه‌یه!
2- سه‌باره‌ت به حیزبه‌كان پێویسته جیاوازی له نێوان مه‌نهه‌ج و سه‌ركردایه‌تی و شوێنكه‌وتواندا بكرێت، ئه‌وانه سێ شتی جیاوازن و یه‌ك حوكمیان نییه.
3- من وه‌كو خۆم سه‌ره‌ڕای ئه‌و لادان و هه‌ڵانه‌ی باسم كرد ده‌رباره‌ی ئه‌وان، به ئاسایی ده‌زانم مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و به برایان ده‌زانم و له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم هه‌جر بكرێن به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌تایبه‌تی ئه‌دامانی خواره‌وه‌یان، مه‌گه‌ر كه‌سێك بیروباوه‌ڕو هه‌ڵوێستی زۆر ناموسوڵمانانه بێت و ده‌مارگیری سه‌ری لێ تێكدابێت، یان عه‌لمانییه‌كی ته‌واو بێت و ته‌نها ناوه‌كه‌ی ئیسلامی بێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌جرو لێ دووركردنه‌وه‌ی باشتره و وریاكردنه‌وه‌ی موسوڵمانان له شه‌ڕو خراپه‌ی له پێشتره.
له كۆتایشدا ده‌ڵێم:
پوخته‌ی باسه‌كه‌م سه‌باره‌ت به تیكه‌ڵی و دابڕان ئه‌وه‌یه:
سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵبوون به خه‌ڵكی: ئه‌گه‌ر بزانیت كاره‌كه‌ت به سووده و بێ ده‌ره‌نجام نییه وفووكردن له خۆڵه‌مێش نییه ، تا بتوانیت لێیان دانه‌بڕێت و بانگیان بكه‌یت بۆ ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌و حه‌ق كه ئیسلامی قورئان و سوننه‌ته به تێگه‌یشتنی هاوه‌ڵان و زانا و پێشه‌وایانی سێ سه‌ده چاكه‌كه‌ی دوای وه‌فاتی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم كه به (القرون الخیریة) ده‌ناسرێن.
به‌ڵام به بۆچوون و تێگه‌یشتنی خۆم به تێپه‌ڕبوونی ساڵان و كاركردنی زۆر له‌سه‌ر عه‌قڵی تاكی كورد بۆ وه‌رگرتنی ئیسلامێكی تا راده‌یه‌ك نامۆ یان هیچ نه‌بێت جیاواز له ئیسلامه ڕه‌سه‌نه‌كه، من خۆم به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له ڕازی بوونی خه‌ڵكی خۆمان به هه‌موو ئه‌وه‌ی له قورئان و سوننه‌تدا هاتووه بێ هیوام و به ئه‌سته‌م ده‌یبینم بانگه‌وازكردن بۆ قورئان و سوننه‌ت ده‌ره‌نجامی باشی هه‌بێت مه‌گه‌ر له بازنه‌یه‌كی ته‌سكدا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌به‌رر ئه‌وه‌ی ئێمه له بانگه‌وازدا نوح و ابراهیم و أیوب و محمد و پێغه‌مبه‌رانی تر پێشه‌نگ و پێشه‌وامانن علیهم الصلاة والسلام تا بتوانین و ڕێگه واڵا بێت و بانگه‌واز كردن نه‌بێته كارێكی سه‌د له‌سه‌د بێ سوود هه‌ر به‌رده‌وام بین باشتره سه‌ره‌ڕای ئه‌و نائومێدی و بێ هیوایی و فیتنه‌یه‌ی تێی كه‌وتووین.
سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵ كردن و هاوكاری كردن له گه‌ڵ كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ و حیزبه ئیسلامییه‌كان به هۆی لادانی زۆریان له ڕێبازی قورئان و سوننه‌ت و به‌زاندنیان بۆ زۆرێك له سنووره‌كانی عه‌قیده‌ی ئیسلامی و كاریگه‌ر بوونیان به عه‌لمانییه‌ت و دزه كردنی بیری عه‌لمانی و نه‌ته‌وایه‌تی و ناسیونالیزمی بۆ ناویان به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و تێكه‌ڵكردنی فیكری و هه‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له گومڕایان و شوینكه‌وتووی تاقمه گومراكانی مێژووی ئیسلامی، بۆیه دوور كه‌وتنه‌وه‌و دابڕان لێیان به واجبكی شه‌رعی ئه‌زانم و دووره‌په‌رێزی لێیان خۆی له خۆیدا بێگومان كارێكی ئیسلامییه و هه‌ڵقوڵاوی پێویستی مه‌نهه‌ج و بیروباوه‌ڕه و دانیشتن و خۆ په‌روه‌رده‌كردن و بڵاو كردنه‌وه‌ی زانست زۆر له تێكه‌ڵكردنی ئه‌وان باشتره كه به ئاڕاسته‌یه‌كی جیاواز له ئاراسته‌كانی قورئان و سوننه‌ت ده‌تبه‌ن و بێ ئه‌وه‌ی به خۆت بزانیت كاتێك ده‌زانی كه‌سێكێكت لێ ده‌رده‌چێت: سه‌لبی ،بیروهزر تیكه‌ڵ، هه‌ستیار به‌رانبه‌ر زۆرێك له بنه‌ماكانی بیروباوه‌ری ئیسلامی، هه‌ستیار به‌رانبه‌ر وشه‌ی سه‌له‌فی و هه‌ڵگری بیروباوه‌ری سه‌له‌فی، خاوه‌ن خوێندنه‌وه‌ی نامۆ بۆ زۆرێك له ده‌قه‌كانی كیتاب و سوننه‌ت و هه‌میشه پێویستت به تأویل كردن و لادانی ئایه‌ت و فه‌رمووده‌كانه له واتاكانی خۆیان.، به‌رده‌وام پاساو ده‌هێنیته‌وه بۆ هه‌موو هه‌ڵه و لادانێكی فیكری و مه‌نهه‌جی گومڕاكان و، سه‌رسام ده‌بیت به سه‌رانی بێباوه‌ڕان و لاده‌ران وگومڕایانی جیهان و ڕه‌هه‌ندی عه‌قیده له بیروڕاكانتدا ته‌واو كاڵ ده‌بێته‌وه، هاوكات زۆرێكیش له زانا گه‌وره‌كانی ئیسلام له كۆن و نوێ‌دا به بیر ته‌سك و تێنه‌گه‌یشتوو تێده‌گه‌یت و به ناچاریش به حوكمی كاركردنت له نێو ئه‌و حیزبانه ئه‌بێت باوه‌ڕت به سیستمه ناكۆكه‌كان هه‌بێت له گه‌ڵ ئیسلامدا وه‌كو عه‌لمانیه‌ت و لیبرالیه‌ت و دیموكراسی و ناسیونالزم و عه‌وله‌مه وهه‌ڵبژاردن و به‌شداری كردنی په‌رله‌مان و ده‌ركه‌وتن وه‌كو موسوڵمانێكی مۆدێرنه‌ی سه‌رده‌میانه كه پێت عه‌یب ئه‌بێت زۆرێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئیسلام له بیروباوه‌ڕو مه‌نهه‌ج و سزای تاوانه‌كان له ئیسلامدا باس بكه‌یت، ڕۆژ له ڕۆژ له زانستی شه‌رعیدا به‌ره‌و دوا ده‌چیت و كه‌سانی نه‌شیاو ده‌بنه پێشه‌نگ و مامۆستات و تاقه‌تی گوێگرتن و وه‌رگرتنی زانسته شه‌رعییه‌كان و به‌تایبه‌تی زانستی عه‌قیده‌ت نامێنیت.
له‌وانه‌شه كه‌سێك ڕه‌خنه‌م لێ بگرێت و بڵێت: بۆچی چاكه‌ی حیزبه ئیسلامییه‌كان نا‌بینیت و ته‌نها باسی خراپه‌كانیان ده‌كه‌یت؟
له راستیدا من چاكه‌ی ئه‌وان ئه‌بینم و ئه‌زانم سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك ئه‌گه‌ر بێت و كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی حیزبێكی ئیسلامی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی حیزبێكی عه‌لمانی به‌راورد بكه‌ین جیاوازییان زۆره، هه‌روه‌ها زۆر چاكه‌ی تریان هه‌یه له‌وه‌ی خه‌ڵكی به تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ ئیسلام بانگهێشت ده‌كه‌ن و ڕه‌وشتی جوان و كاری چاكه و خێرخوازی و ئاكاری په‌سه‌ند له ناو خه‌ڵكیدا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و زۆر شتی تری باشیان هه‌یه، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی باشی ئه‌وانت بۆ ده‌ربكه‌وێت ئه‌بێت به‌وشێوه به‌راوردیان له‌گه‌ڵ عه‌لمانییه په‌تییه‌كاندا بكه‌یت كه ئیسلام به لایانه‌وه یه‌كسانه به كۆنه په‌رستی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حاڵی حیزبه ئیسلامییه‌كان له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌ریان و له قورئان و سوننه‌تدا هاتووه به‌راورد بكه‌ین ده‌بیین ئه‌وان له‌و به‌راورده به‌سه‌لامه‌تی ده‌رناچن؛ چونكه ئه‌وان:
– هه‌ڵساون به تێكه‌ڵ كردنی چاكه‌و خراپه و خه‌یروشه‌ڕو خۆشه‌ویستی ئیسلام و هاوپه‌یمانێتی له گه‌ل نه‌یارانی ئیسلام، له ئیسلامیشدا كاری وا تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ قبوڵ ناكرێت.
– بانگی خه‌ڵكی بۆ مزگه‌وت ده‌كه‌ن و له‌و لاشه‌وه بۆ ده‌نگدان و په‌رله‌مان بانگیان ده‌كه‌ن كه هه‌رچی فه‌رمانه‌كانی الله تعالی و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی هه‌یه صلی الله علیه وسلم هه‌مووی له‌وێ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و جارێكی تر ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه‌و ده‌ریشناچێت له ده‌نگدان.
– بانگی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن بۆ قورئان و بۆ دیموكراسیش له هه‌مان كاتدا، كه له ڕاستیدا دیموكراسی بۆ خۆی ئاینێكی سه‌رده‌میانه‌ی سه‌ربه‌خۆیه و چاره‌سه‌ری پێچه‌وانه‌ی چاره‌سه‌كانی ئیسلامی بۆ كێشه‌و گرفته‌كانی خه‌ڵكی پێیه.
– بانگی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن و باسی گه‌وره‌یی و زانستی – بۆ نموونه – پێشه‌وایه‌كی وه‌كو شافیعی یان بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر به‌دوایدا یان له باسی داهاتوودا باسی مه‌زنی غاندی یان جلال ا‌لدین الرومي یان نیلسون ماندێلایان بۆ ده‌كه‌نو ئه‌وه‌نده به گه‌وره‌یی باسیان ده‌كه‌ن شافیعی و ئه‌وانی تریان له پێشه‌وایانی ئیسلام له‌به‌ر چاو بچووك ده‌بێته‌وه به‌راورد به غاندی و ماندیلا و مه‌ولانا.
بۆیه مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه من چاكه‌كانیان نه‌بینم به‌ڵێ به چاكی چاكه‌كانیان ده‌بینم به‌ڵام دینداری به‌و شێوه ناكرێت كه حه‌ق و باتڵ تێكه‌ڵ بكرێت و نه‌وه‌یه‌ك درووست بكرێت به‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌و شل و شێواوه بۆ ئیسلام، ئه‌وه مه‌نهه‌جێكی زۆر نامۆیه و هه‌رگیز له‌گه‌ڵ مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌تدا ڕێك ناكه‌وێت كه كتاب و سوننه‌ت بنچینه‌و بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و مه‌نهه‌جه‌یه،هه‌ر بۆیه به‌بێ هیچ گومان و دوو دڵییه‌ك و سه‌ره‌ڕای ئه‌و چاكانه‌یان كه هه‌یانه، دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه لێیان نه‌ك هه‌ر باشتره ؛ به‌ڵكو واجبێكی شه‌رعییه و پیویستییه‌كی بیروباوه‌ڕو ڕێبازی دینداری ڕاسته‌قینه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌و تیگه‌یشتنه‌ش بێت سه‌یری چاكه بكرێت و له هه‌ڵه‌ی بیروباوه‌ڕو مه‌نهه‌ج چاوپۆشی بكرێت له‌به‌ر ئه‌و چاكانه، ئه‌وا هه‌ر كام له گومڕاكانی مێژووی ئیسلامی و له تاقمه لاده‌ر وگومڕاكان بهینیت هه‌رچه‌ند لاده‌ر و گومڕا بووبێت، چاكه‌و عیباده‌ت و قسه و ئاكاری جوان و كرده‌وه‌ی په‌سه‌ندی هه‌ر بووه و بگره خودی شه‌یتانیش چه‌ندین قسه‌ی حه‌ق و به جێی هه‌یه له قورئاندا باسكراوه.
له كۆتاییدا داواكارم ئه‌م نووسینه‌م له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به دڵیان نییه به سینه‌یه‌كی فراوانه‌وه وه‌ربگرن، ئه‌مه ڕاو بۆچوونی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ری ته‌نها خۆمه و له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا ئه‌و باوه‌ڕه‌م تۆكمه‌تر بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش په‌ویه‌ندیم نه‌بڕییوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه و به‌براشم زانیون و مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ كردوون و ئێستاش هه‌ر وام، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به قسه‌ی من بكه‌ن كه الله تعالی ده‌كه‌مه شایه‌ت و سوێندی پی ده‌خۆم هیچ مه‌به‌ستێكم نییه و له هیچ ڕوانگه و لایه‌ن و ته‌وژمێكه‌وه جگه له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی دینه‌كه‌م نه‌بێت قسه ناكه‌م، به‌رژه‌وه‌ندی دین و دونیایان له‌وه‌دایه وازیان لێ بهێنن و خه‌ریكی خۆ فێركردنی زانست و بڵاو كردنه‌وه‌ی و بانگه‌واز بۆكردنی ده‌بن و په‌روه‌رده‌ی خۆیان و ماڵ و مناڵه‌كان و ده‌وروبه‌ریان له‌سه‌ر ڕێبازی كیتاب و سوننه‌ت و به‌رائه‌ت لده‌ربڕین له هه‌موو شتێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌نه مه‌شخه‌ڵی ڕێگای خۆیان و به‌و شیوه‌ش ان شا‌ء الله سه‌رفرازی دونیا و دوا ڕۆژ ده‌بن، وصلی الله وسلم وبارك علی محمد وعلی آله وصحبه و سلم تسلیما كثیرا.
إحسان برهان ا‌لدین
٢٤ / ١١ / ١٤٣٩
06 / 08 / 2018