الثلاثاء , أكتوبر 3 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / ئافرەتان / دیارده‌ی پانتۆڵی دڕاو هه‌نگاوێكی تر به‌ره‌و داڕمانی ڕه‌وشت

دیارده‌ی پانتۆڵی دڕاو هه‌نگاوێكی تر به‌ره‌و داڕمانی ڕه‌وشت

دیارده‌ی پانتۆڵی دڕاو هه‌نگاوێكی تر به‌ره‌و داڕمانی ڕه‌وشت
یه‌كیك له‌ نامۆترین ئه‌و دیاردانه‌ی له‌م دواییه‌ له‌ ناو گه‌نجی كورددا بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ئاماژه‌ و واتای خراپ له‌ خۆ ده‌گرێت، دیارده‌ی له‌به‌ركردنی پانتۆڵ و پۆشاكی دڕاوو داڕزاو و پینه‌ كراوه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌م پرسه‌ شایانی راوه‌ستان و بایه‌خ پێدانه‌، چونكه‌ دیارده‌كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌نگاوێكی تر له‌ داڕوخانی ناخی گه‌نجی كورد و دووركه‌وتنه‌ی له‌ به‌ها و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی دینه‌كه‌ی وجۆرێكیشه‌ له‌ توانه‌وه‌ له‌ به‌هاو بیرۆكه‌ نامۆكان كه‌ ئایین و ڕه‌وشتی ئێمه‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج.

له‌ ڕاستیدا له‌ كاتی وردبوونه‌وه‌ له‌م دیارده‌یه‌ زۆر حه‌قیقه‌تی تاڵمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و خۆیشی باسه‌كه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت له‌سه‌ری بوترێت، به‌ڵام من لێره‌دا ته‌نها چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی خێرا له‌ سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تۆمار ده‌كه‌م.

– له‌به‌ر كردنی پۆشاكی دڕاو و پینه‌كراو ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنیت كه‌ ڕاگه‌یانده‌كان به‌ ته‌واوه‌تی زاڵ بوونه‌ته‌ سه‌ر مێشك و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیدا و چۆنیان بوێت به‌و شێوه‌ ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن و به‌ره‌و چی هه‌ڵدێرێك بیانه‌وێت ده‌یانبه‌ن و ئه‌وانیش وه‌كو مردوون له‌به‌ر ده‌ستی مردوو شۆردا.

– هه‌روه‌ها لێدوان ده‌دات له‌ عه‌قڵی به‌تاڵ و لاوازیی بیركردنه‌وه‌ و نه‌بوونی هیچ مه‌ناعه‌یه‌ك له‌ لای گه‌نجی كورد ، كه‌ ئاماده‌یه‌ به‌ كارێك هه‌ڵسێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و نه‌ له‌ گه‌ڵ شه‌رعدا یه‌ك ناگرێته‌وه‌ و نیشانه‌ی تێكچوونێكی ناله‌باره‌ له‌ میزاجی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ و زه‌نگێكی ترسناكیشه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌بێت ئاستی به‌ره‌و هه‌ڵدێر چوونی ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌ كوێ بگات!

– له‌به‌ر كردنی پانتۆڵ و پۆشاكی دڕاو داڕزاو له‌ لایه‌ن ئه‌و گه‌نجانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌یان ده‌رده‌خات، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووی مه‌نتیقییه‌وه‌ كارێكی ناپه‌سه‌ند و ناشیرینه‌، له‌ ڕووی شه‌رعیشه‌وه‌ جێبه‌جێكردنه‌ بۆ ئه‌جیندایه‌كی ده‌ره‌كی نامۆ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌رخستنی جه‌سته‌ی كچانه‌ بۆ كوڕان و هه‌وڵێكه‌ بۆ نه‌هیشتنی شكۆ و شه‌رمی كچان و دڕاندنی شه‌رم و شكۆی گه‌نجان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و جله‌ دڕاوانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ كاروانی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌ها مرۆییه‌كان هاوشێوه‌ی ئافره‌تان له‌ ئه‌وروپا.

– ئینجا هۆكاری له‌به‌ر كردنی پۆشاكی دڕاو و پینه‌كراو ڕه‌نگه‌ پێش هه‌موو شتێك لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی كوێرانه‌ بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ بواره‌كانی تری ژیانیشدا ڕوویداوه‌، به‌ڵام بێگومان كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌رو هۆكاری تریشی له‌ پشته‌وه‌ ده‌وه‌ستێت، له‌وانه‌:
* دووركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌نجی كورد له‌ ڕێنماییه‌كانی دینه‌كه‌یان و گوێ نه‌دانیان به‌ ئه‌نجامدانی كاری حه‌رام و به‌ڵكو پاره‌ی زۆریش خه‌رج ده‌كه‌ن له‌ پێناو ئه‌نجام دانی ئه‌و حه‌رامه‌ .
* هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی تێدایه‌ بۆ جۆرێك له‌ ناڕه‌زایی ئه‌وان له‌ باری گوزه‌رانی خۆیان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ زۆرێك له‌ بابه‌ته‌ جێگیره‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆیان.

* كاره‌كه‌شیان به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ له‌سه‌ر نامۆ بوونی ئایینی ئیسلام له‌ ناو كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌ ناو توێژی گه‌نجاندا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، چونكه‌ پۆشینی ئه‌و جۆره‌ جل و به‌رگه‌ دڕاو ناشیرین و نامۆیه‌، سه‌رپێچییه‌كی ڕوون و ئاشكرایه‌ بۆ شه‌رعی ئیسلام و ئه‌و كاره‌ به‌بێ هیچ سڵمینه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌زاندنی سنووری الله ئه‌نجام ده‌درێت.

– ئه‌و گه‌نجانه‌ – وه‌كو وتم – به‌و كاره‌یان جۆرێك له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی نیشان ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌و جله‌ دڕاوانه‌ی ده‌یپۆشن كه‌ جاران مه‌گه‌ر سواڵكه‌ره‌كان بیانپۆشیایه‌، بڵێن ئێمه‌ هیچ هیوایه‌كمان نه‌ماوه‌و كۆمه‌ڵگاو خێزان و دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی سه‌ر له‌به‌ر ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و ئاوات ده‌خوازین به‌ گه‌یشتن به‌ كاروانی بێگانه‌كان و نه‌یارانی دین و میلله‌ته‌كه‌مان.

– ده‌شكرێت ئه‌وه‌ی لێ هه‌ڵێنجرێت كه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ جێگای به‌زه‌یین و تووشی سه‌رگه‌ردانی و بێ به‌رنامه‌یی و هه‌ستكردن به‌ به‌تاڵی و وشكانی ناخ و ده‌روون بوونه‌ وده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگایش له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژ بكات به‌بێ ده‌نگی و ڕازیبوونیان له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ نامۆیه‌ی ڕۆڵه‌كانیان ئه‌وانیش بوونه‌ته‌ هانده‌رێك بۆ به‌ره‌و هه‌ڵدێر ڕه‌وانه‌ كردنیان.

له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێم:
زۆر جێگای سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانییه‌ كه‌ باوكان و سه‌رپه‌رشتیاران به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی و لێپرسینه‌وه‌یان له‌ ڕه‌فتاری مناڵه‌كانیان به‌و شیوه‌ تووشی لاوازی و پووكانه‌وه‌ بوووبێت و وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕو كچانه‌یان ئه‌ركێكی پیرۆز و بارێكی قورس نه‌بن به‌سه‌ر شانیانه‌وه‌ له‌ ڕووی ئایینیه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ریانه‌ له‌ ده‌ریای نه‌فامی ئه‌م ڕۆژگاره‌ ڕزگاریان بكه‌ن و بیانگه‌ینن به‌ وشكانی سه‌لامه‌تی و ئارامی كه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌و ئامانجه‌ش ته‌نها به‌ شوێنكه‌وتنی ڕێنماییه‌ كانی ئیسلام وه‌دی ده‌كرێت وه‌كو ڕێبازێكی عه‌قیده‌ و شه‌ریعه‌ت و ئاكار و ڕه‌وشتی به‌رز و جوان، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ مه‌شخه‌ڵێك بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕیگای دونیا و دوا ڕۆژیان.

لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی قوتابخانه‌و زانكۆكان ده‌كه‌م كه‌ تیشك بخه‌نه‌ سه‌ر نامۆ بوونی ئه‌و دیاره‌یه‌ و له‌ ڕووی شه‌رعی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سێتییه‌وه‌ زیانه‌كانی ئه‌و دیارده‌یه‌ روون بكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها داوا له‌و گه‌نجانه‌ ده‌كه‌م كه‌ كه‌سایه‌تی و دڵ و ده‌روون و میزاجیان تووشی تێكچوون نه‌بووه‌ خۆیان له‌ پۆشینی ئه‌و جۆره‌ جل و به‌رگانه‌ به‌ دوور بگرن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن شه‌پۆلی جاهیلیه‌ت رايانماڵێت، چونكه‌ بێگومان وه‌كو شه‌رع پۆشینی ئه‌و جلانه‌ حه‌رامه‌ چونكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ لاسایی كردنه‌وه‌ی بێ باوه‌ڕانه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌رخستنه‌ بۆ جه‌سته‌ی ئافره‌تان و كچان و موخه‌نه‌ت ده‌ركه‌وتنی گه‌نجانه‌، وه‌كو عورف و داب و نه‌ریتیش به‌ هه‌مان شێوه‌ كارێكی زۆر ناشیرین و ناپه‌سه‌نده‌.
داواكارم له‌ الله تعالی ڕێنوێنی گه‌نجه‌كانمان بكات بۆ په‌یڕه‌و كردنی ئیسلام چونكه‌ ڕێگای سه‌رفرازی دونیاو دواڕۆژیانی تێدایه‌.
إحسان برهان الدین
22 رمضان 1439
2018-6-8

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *