خۆشه‌ویستی له دوو ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه
– زیاتر له سی وشه له زمانی عه‌ره‌بیدا ده‌ربڕین له خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ن ، هه‌ر وشه‌و له ئاستێكداو بۆ پله‌یه‌كی تایبه‌ت له خۆشه‌ویستیدا به كار دێت و هیچیان ده‌قاوده‌ق ئه‌وی تر ناگرێته‌وه ، وه‌كو( هوی ، جوی ، شغف ، دنف ،كلف ، ود ، وجد ، سه‌د ، عشق ، شوق ، حرق ، أرق ، هیام ، غرام ، صبابة ، خلابة ،..) زۆر وشه‌ی تریش ، به‌ڵام له‌وانه‌یه وشه‌ی (حب) كۆكراوه‌و كورتكراوه‌ی هه‌موویان بێت له ڕووی به كارهێنان ناوبانگیشه‌وه .
– خۆشه‌ویستی مرۆڤه‌كان به‌رز ده‌كاته‌وه‌و باڵیان پێ ده‌گرێته‌وه له ئاسمانی كامه‌رانی و هه‌ستكردن به خۆشی و جوانی و، پۆشاكێكی ڕازاوه و پڕ له میهره‌بانی و ئاكاربه‌رزی وڕه‌وشت جوانی له‌به‌ری خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كات.
– خۆشه‌ویستی حاڵه‌تێك و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مرۆڤه كه به‌و ئاكاره‌وه جوانه‌و به هاوڕێتی ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه ئینسانه، به ده‌ر له‌و خه‌سڵه‌ته‌ش، مرۆڤ به‌شێكی زۆر له به‌های مرۆڤایه‌تی خۆی له ده‌ست ده‌دات و، دوور له خۆشه‌ویستی له دڕه‌نده‌كانه‌وه نزیكتره زیاتر تاكو ئاده‌میزاده‌كان.
– ئینجا خۆشه‌ویستی له‌وانه‌یه بۆ په‌روه‌ردگار وئایین وبه‌خشین و مردن له پێناو خوا بێت، یان بۆ شته پیرۆزه‌كان بێت و، له‌وانه‌شه بۆ دایك و باوك وخێزان وهاوسه‌رو مناڵ و هاوڕێی و كه‌س و كار بێت ، له‌وانه‌شه بۆ خاك و ئاو و زێد و نیشتمان بێت ، یان بۆ هه‌ر شتیك بیت له شته‌كان ، بۆ ئافره‌تێك بێت و له‌به‌ر خوا بێت، یان ته‌نها له‌به‌ر جه‌سته‌و ڕواڵه‌ت بێت، یان بۆ زۆربه‌ی ئه‌و شتانه بێت به تێكڕایی، به‌ڵام ده‌كرێت به پێوه‌ری ئایینی و ره‌وشت بزانرێت ئه‌و خۆشه‌ویستییه تا چی ڕاده‌یه‌ك له سنووری باشه، یان له بازنه‌ی خراپه‌دایه.
– له لایه‌كی تریشه‌وه خۆشه‌ویستی له ده‌ره‌وه‌ی توانای مرۆڤه‌كانه‌و وپاڵنه‌رێك له ناخه‌وه زۆر جار به بێ پاساوی مه‌نتیقی و به بێ پێشه‌كی درووستی ده‌كات، مرۆڤیش بۆ ئه‌وه‌ی به چوارچێوه‌یه‌كی شه‌رعی ئابڵۆقه‌ی خۆشه‌ویستی بدات و سنوور نه‌به‌زێنیت، پێویستی به شاره‌زایی زۆر له شه‌رعی خوا هه‌یه و هاوكات پێویستی به‌وه‌شه ڕووبه‌ڕووی نه‌فسی خۆی ببێته‌وه‌و ململانێی له‌گه‌ڵ بكات، چونكه له بنچینه‌دا خۆشه‌ویستی سنووری نییه و له ڕێگه‌ی زێده‌ڕه‌ویدا سنوور به‌زێنه!
– خۆشه‌ویستی پێوه‌رێكی نییه پێی بپێورێت ، ئامرازێك نییه ڕێژه‌كه‌ی دیاری بكات، به‌ڵام به پێوه‌ری هه‌ست هه‌ستی پێده‌كرێت و كرداریش ئه‌و هه‌سته وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی واقیع وبه‌رجه‌سته‌ی ده‌كات و، ڕێژه‌كه‌ی به ته‌رازووی دڵ و مێشك مه‌زه‌نده ده‌كرێت، هه‌روه‌ها به پێی شوێنه‌واره‌كانی كه له ناخ و ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و كه‌سه درووستی ده‌كات ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه ده‌رده‌كه‌وێت.
– كه‌سایه‌تی كه‌سه‌كان ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه له خۆشه‌ویستیدا ، كه‌سی مه‌زن خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی مه‌زنه، كه‌سی پڕوپوچ یش خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی پڕوپووچه، به هه‌مان شێوه كه‌سانی ڕاستگۆ و درۆزن و ده‌ستپاك و ناپاك و چه‌واشه‌كار و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی گوماناوی، جۆری خه‌سڵه‌ته‌كانیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆری خۆشه‌ویستییه‌كانیان به‌جێ ده‌هێڵیت و به تایبه‌تمه‌ندی خۆی مۆری ده‌كات.
– خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌ش ده‌ره‌نجامی خراپ و زیان به‌خشی گه‌وره‌ی هه‌یه، چونكه خۆشه‌ویستی له بنچینه‌دا نابینایه‌و چاوی نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر به ڕوناكی عه‌قڵێك كه شه‌رعی خوا ڕێنمایی نه‌كات ڕێگه‌ی ڕوناك نه‌كرێته‌وه، كه‌سه‌كان به‌ره‌و هه‌ڵدێر و هه‌ڵه‌ی كوشنده ده‌بات، بۆیه له كۆنه‌وه وتراوه: ( ومن الحب ما قتل) واته: هه‌ندێ خۆشه‌ویستی كوشنده‌یه.
– خۆشه‌ویستی هه‌ڵه وسنوور به‌زێن ئه‌گه‌ر بۆ ئافره‌تێك بێت ، یان بۆ كه‌سایه‌تی و تیۆر‌و ته‌وژم و حیزب ولایه‌نێك بێت، یه‌كه‌م كاریگه‌ری خراپی په‌كخستنی عه‌قڵه وه‌كو دڵسۆزێكی دڵ و ڕێگه‌ی لێ ده‌گرێت كه فریای بكه‌ویت وخاوه‌نه‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێر نه‌بات.
– له ده‌ره‌نجامه‌كانی ناشاره‌زایی و بی ئه‌زموونی ده‌كرێت خۆشه‌ویستی ببێته مایه‌ی خه‌فه‌تێكی نه‌بڕاوه‌و ئازارێكی واتایی كه قابیلی چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ڕه‌نگه هه‌ر خۆشه‌ویستییه‌ك له‌و جۆرانه‌ی باسمان كرد، خراپ بشكێته سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یداو ئه‌گه‌ر بڕیاری ده‌ست پێكردنی به ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی بووبێت به‌ڵام بڕیاری لێده‌رچوونی هه‌رگیز به ده‌ستی خؤى نابێت، وه‌كو شاعیر ده‌ڵێت:
أتانى هواها قبل أن أعرف الهوىِ *** فصادف قلباً خالياً فتمكّـنـا
– به شاره‌زایی و تێگه‌یشتنی خۆیشم بۆ ئه‌م چه‌مكه هه‌ستیاره، بۆم ده‌ركه‌وتووه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تێده‌كه‌ون و زیانی دونیا و دواڕۆژ به‌و هۆیه‌وه له خۆیان ئه‌ده‌ن: یان به هۆی ئافره‌ته، یان به هۆی خاك و ئاو‌و زێد و ته‌وژمی فیكرییه، كاتێك زیده‌ره‌وی تێدا ده‌كه‌ن و خۆیان به ده‌ست عاتیفه‌و سۆزی بێ سنووره‌وه ده‌ده‌ن، پێوه‌ره‌كانیان لێ تێكده‌چێت و تیكه‌ڵ ده‌بێت و خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان له جێگه‌ی ئه‌وه‌ی تووشی كامه‌رانی و ئاسووده‌ییان بكات ، تووشی به‌دبه‌ختی و ئازاری هه‌نووكه‌یی و دواخراویشیان ده‌كات.
– بۆیه خراپترین جۆری خۆشه‌ویستیش – كه له‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆماندا له‌و جۆره زۆر بوونی هه‌یه – خۆشه‌ویستی بێ بنه‌مایه كه خاوه‌نه‌كه‌ی له پیناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كاتی ، مادی ، عاتیفی ، سیاسی ، حیزبی ، ده‌ریده‌بڕێت و خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی زیاتر نییه له هه‌ندێ وشه‌ی بێ گیان و بێ بناغه‌ی ساردوسڕ ، پێچراو به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی تكاكار بۆ گه‌یشتن به ئامانجی چاوه‌ڕوانكراو .
– له كۆتاییدا ئه‌ڵێم: خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه به‌ڵگه‌ی ڕاستێتی له‌گه‌ڵ خۆیدایه و په‌یامه‌كه پێش ئه‌وه‌ی له زاره‌وه ببیسترێت ، له دڵه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، بۆیه به‌رانبه‌ره‌كه به سووك وسانا له‌و په‌یامه ده‌گات و هیچ نیازێك بۆ به‌ڵگه‌ی له‌وه زیاتر بۆ سه‌لماندنی نییه، هاوكات خۆشه‌ویستی درۆینه چونكه هه‌ڵقوڵاوی دڵ نییه و چه‌ند وشه‌یه‌كی سارد و سڕه له سنووری زمان تێناپه‌ڕێت ، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نییه وخاوه‌نه‌كه‌شی بێ سوود و له‌خۆڕایی خوێ ماندوو ده‌كات بۆ سه‌لماندنی.
– له ڕاستیدا جیاوازی نێوان خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه‌و درۆینه، وه‌كو جیاوازی نێوان گوڵی بۆنداری ناو باخچه‌و گوڵی درووستكراوی نایلۆن و باغه‌ی بێ بۆن وایه، له‌وانه‌یه له‌ڕووی ڕه‌نگ و ڕواڵه‌ته‌وه له یه‌كتر جیانه‌كرێنه‌وه، به‌ڵام به‌رگه‌ی كه‌مترین تاقیكردنه‌وه ناگرێت و هه‌ر زوو ڕاستییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.
نووسینی/إحسان برهان ا‌لدین