نیعمه‌ته‌كانی زستان
الله تعالی خاوه‌نی ڕۆژ وساڵ و وه‌رزه‌كانه، به‌ڵام به‌پێی یاسا و ڕێساكانی په‌روه‌ردگارمان له گه‌ردووندا هه‌موو وه‌رزێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، وه‌رزی زستانیش به‌هۆی ڕۆژی كورت و شه‌وی درێژیه‌وه، وه‌رزێكی دڵگیر و خۆشه به‌لای ئیمانداره‌وه، چونكه له ڕۆژه‌كه‌یدا به‌ڕۆژوو ده‌بێت و ماندوو نابێت، ده‌توانێت درێژیی شه‌وه‌كه‌شی بكاته هه‌لێك بۆ په‌رستنی الله تعالی و ئه‌نجامدانی شه‌ونوێژ، چونكه ئه‌وه‌نده كاتی بۆ ده‌ڕه‌خسێت كه بخه‌وێت و شه‌ونوێژیش بكات، به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌وانی هاوین كه هێندە كورته به ته‌واوی به‌شی خه‌ویش ناكات، بۆیه خه‌ڵكی زۆر جار له نیوه‌ڕواندا ده‌خه‌ون.
له‌م باره‌شه‌وه فه‌رمووده‌یه‌كی جوانمان پێگه‌یشتووه له هاوه‌ڵی به‌ڕێز ( أبو سعيد الخدري) الله لێی ڕازی بێت كه له موسنه‌دی ئه‌حمه‌د و به‌یهه‌قیدا گێڕدراوه‌ته‌وه كه فه‌رموویه‌تی: (الشتاء ربيع المؤمن، طال ليله فقامه وقصر نهاره فصامه) واته: به‌هاری ڕاسته‌قینه‌ی ئیماندار زستانه، هۆكاری ناونانی زستانیش به به‌هار له‌وه‌دایه- وه‌كو (ابن رجب الحنبلي) فه‌رموویه‌تی- كه‌سی ئیماندار له باخه‌كانی عیبادەتدا ئه‌گه‌ڕێت و، له گۆڕه‌پانی پەرستنی پەروەردگاریدا ئه‌سپی خۆی تاو ده‌دات، دڵیشی خاوێن ده‌كاته‌وه له باخچه‌ی ئه‌و كاره‌چاكانه‌ی بۆی ئاسان ده‌بێت له‌و وه‌رزه‌دا، چونكه ڕۆژووه‌كه‌ی به‌بێ تینوێتی و برسێتی به‌سه‌ر ده‌چێت و، تێیدا هه‌ست به ماندوێتی ناكات.
هه‌روه‌ها له موسنه‌دی ئه‌حمه‌د و ( الترمذي) دا هاتووه، كه ئه‌بو هوره‌یره رضي الله عنه فه‌رموویه‌تی: ئایا ده‌ستكه‌وتی سارد‌و بێ ماندووییتان پێ پیشان بده‌م؟ به ڕۆژووبوونی زستان!
مه‌به‌ستی ئه‌بوو هوره‌یره‌ش له ده‌ستكه‌وتی سارد ئه‌وه‌یه: ئیماندار ده‌توانێت به‌بێ شه‌ڕ و مه‌ترسی كوژران و برینداربوون قازانج و خێری زۆری ده‌ست كه‌وێت.
هه‌روه‌ها ده‌گێڕنه‌وه ئیبنو مه‌سعود الله لێی ڕازی بێت فه‌رموویه‌تی: به‌خێربێت زستان، وه‌رزی زستان به‌ره‌كه‌تی تێدا داده‌به‌زێت، شه‌وی درێژه بۆ شه‌ونوێژ و ڕۆژی كورته بۆ ڕۆژووگرتن.
هه‌روه‌ها عوبه‌یدی كوڕی عومه‌یر ڕه‌حمه‌تی الله ی لێبێت ده‌یفه‌رموو: ئه‌ی په‌یڕه‌وانی قورئان زستانه و شه‌وتان درێژبوویه‌وه بۆ قورئانخوێندن، ڕۆژتانیش كورت بوویه‌وه بۆ ڕۆژووگرتن، شه‌ونوێژی زستان به‌رانبه‌ر ڕۆژووی هاوینه.
هه‌ربۆیه موعازی كوڕی جه‌به‌ل الله لێی ڕازی بێت، له‌كاتی سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌گریا و ده‌یفه‌رموو: من ده‌گریم بۆ له‌ده‌ستدانی تینوێتی ڕۆژه گه‌رمه‌كان و، شه‌ونوێژ له شه‌وه سارده‌كانی زستان و ئاماده‌بوونی بازنه‌كانی یادی الله تعالی.
به‌ڵام مه‌خابن حاڵی ئێمه و ئه‌وان زۆر جیاوازه، ئه‌وان پێشوازی زستانیان به‌و شێوه ده‌كرد و وه‌كو هه‌لێك ته‌ماشایان ده‌كرد بۆ پەرستنی پەروەردگار و، چێژیان له‌و شه‌وه درێژانه ده‌بینی بۆ موناجات و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌روونه بێ گه‌رده‌كانیاندا، ئه‌و ده‌روونانه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) به‌ئاوی سازگاری وه‌حی پاراوی كردبوویه‌وه، بۆیه له عیباده‌ت تێر نه‌ده‌بوون و بچووكترین تاوانیان به‌لاوه وه‌كو چیاكان وابوو كوتوموت به‌پێچه‌وانه‌ی ئێمه كه كه‌مترین عیباده‌تی خۆمان به‌زۆر ده‌زانین و پێمان وایه ئیسلام قه‌رزاری ئێمه‌یه و هیچمان نه‌هێشتووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه ئێمه فه‌رمانمان پێكراوه شوێنكه‌وتووی هاوه‌ڵان بین و بیانكه‌ینه پێشه‌نگی دونیا و كاروانی ڕێگای دواڕۆژمان، گه‌ر سه‌یریشت له شتێك دێت سه‌یرت له‌وه بێت كه له به‌رانبه‌ر ئه‌م دیمه‌نه كاریگه‌رانه له ژیانی هاوه‌ڵاندا كه ده‌بوو وه‌كو پێشه‌نگێك ته‌ماشا بكرایه، زۆرێك له موسوڵمانانی ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌ماشای شه‌وه درێژه‌كانی زستان وه‌كو هه‌لێك ده‌كه‌ن بۆ بینینی زنجیره ودراما و فیلمه‌ی كەنالە ئاسمانییەكان و دانیشتنی بێ سوود به دیار تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وئینته‌رنێت و كات كوشتن به چات و یانه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كانه‌وه تا به‌ره‌به‌یان، یان له‌باشترین حاڵه‌ته‌كاندا بۆ سه‌ردان و ئاخاوتنی بێ سوود.
پرسیاری گرنگیش لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچی ئه‌وه‌ی هاوه‌ڵانی ده‌ترساند و خه‌وی له‌چ‌او ده‌تۆراندن ئێمه ناترسێنێ، ئایا ئێمه پێویستی زۆرترمان نیه به‌و عیباده‌تانه‌ی ئه‌وان شه‌وه سارده‌كانی زستانیان پێ ئاوه‌دان ده‌كرده‌وه و، له ڕۆژوو گرتنی ڕۆژه گه‌رمه‌كانی دورگه‌ی عه‌ره‌ب چێژیان ده‌برد، سوێند بە الله چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌ی موسوڵمانانی ئه‌م سه‌رده‌مه پێویستی به ئیمانێكی پته‌وی وه‌كو ئیمانی هاوه‌ڵان هه‌یه، ئیمانێك كه پاڵنه‌ر بێت بۆ چاكه به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، دوورخه‌ره‌وه‌ش بێت بۆ خراپه به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، چونكه بیروباوه‌ڕی هاوه‌ڵان هانده‌ر بوو بۆ هه‌موو كارێك له به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلام و موسوڵماناندا بێت.
ئینجا هاوه‌ڵان نه‌ك هه‌ر ته‌ماشای زستانیان وه‌كو هه‌لێك ده‌كرد بۆ نزیك بوونه‌وه له الله تعالی، به‌ڵكو هه‌موو ته‌مه‌نیان وه‌كو یه‌كێك له شه‌وگاره‌كانی زستان ته‌ماشا ده‌كرد، كه هه‌رچه‌ند درێژ بێت پاش چه‌ند ساتێكی كه‌م گزنگی سپێده ده‌یڕه‌وێنێته‌وه، یان وه‌كو ڕۆژێك ته‌ماشایان ده‌كرد كه هه‌رچه‌ند درێژ بێت له‌كۆتاییدا هه‌ر خۆری لێ ئاوا ده‌بێت.
بۆیه با ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت كه زستان، به‌هاری ڕاسته‌قینه‌ی موسوڵمانانه، ده‌توانین له ڕۆژی كورت و شه‌وی درێژی سوود وه‌ربگرین، هه‌روه‌ها پابه‌ند بین به‌و وێردانه‌ی كه له كاتی باو باران و هه‌وره‌تریشقه پێویسته بوترێن، جگه له‌مانه‌ش هه‌وڵی شاره‌زابوون بده‌ین له‌و حوكمه شه‌رعیانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به‌و وه‌رزه‌وه هه‌یه وه‌كو كۆكردنه‌وه‌ی نوێژه‌كان به جه‌ماعه‌ت له‌مزگه‌وتدا به‌هۆی باران و سه‌رما و قوڕاو، وه‌كو نوێژی نیوه‌ڕۆ و عه‌سر، یان مه‌غریب و عیشا، هه‌روه‌ها شاره‌زابوون له‌حوكمی ده‌م هه‌ڵپێكان به‌هۆی سه‌رما و، ته‌یه‌مووم كردن به‌هۆی سه‌رما و ده‌ستنه‌كه‌وتنی ئاوی گه‌رم و حوكمی مه‌سح كردن له‌سه‌ر (خُف) و گۆره‌وی، یان حوكمی نوێژكردن ڕوو له ئاگر و، زۆرباسی تر كه په‌یوه‌ندیدارن به‌م وه‌رزی سه‌رما و زستانه‌وه، كه له كتێبی زانایاندا- له‌كۆن و نوێ – به شیكراوه‌یی خراونه‌ته ڕوو.
***********************
تێبینی/ ئه‌م بابه‌ته كۆنە و له كۆتایی ساڵی 2010 دا نووسیومە، ئه‌و كاته له ماڵپه‌ڕی ده‌نگی ئیسلام و سایتی ئیسلام هاوس و زۆر سایتی تر بڵاوبوویه‌وه. ئێستە بە دەستكارییەوە لەبەر وەرزی زستان دووبارە پۆستی دەكەمەوە، بێ ئەوەی مەبەستم ئەوە بێت كە خۆم لەو ئاستەدابم كە لەم نوووسینەدا هاتووە، یان ئەوەی كە لێرە بیری موسوڵمانانی دەخەمەوە خۆم وەكو پێویست توانیبێتم جێبەجێی بكەم، بەڵكو تەنها ( وَذَكِّرْ فَإِنَّ ٱلذِّكْرَىٰ تَنفَعُ ٱلْمُؤْمِنِينَ).
إحسان برهان ا‌لدین