كورته چيرۆك
مامۆستايه‌كى هاوڕێم – له نێو ياده‌وه‌رييه نزيكه‌كانيدا- بۆى گێڕامه‌وه وتى:
ساڵێكیان له زانكۆیه‌كی ئه‌هلی له‌م كوردستانه به‌رينه وانه‌بێژ بووم ، دوا وانه‌م بوو ئه‌و ڕۆژه ، دوای ده‌رچوونم له هۆڵه‌كه به‌ره‌و لای ئۆتومبێله‌كه‌م ده‌ڕۆیشتم ، كاتیك ڕێڕه‌وه‌كه له گه‌ڵ یه‌كێك له خوێندكاره‌كانمدا كۆی كردمه‌وه، وتی مامۆستا: كتیبێكت هه‌یه زۆر تونده ولێوان لێوه له ڕق و هاندانى كوشتن! منیش به‌سه‌رسوڕمانه‌وه وتم: كام كتێبم من ژماره‌يه‌ك كتێبی چاپكراوم هه‌یه له بوارى فه‌رمووده‌و سیره‌و مێژوو ئه‌ده‌ب و شانۆگه‌ری، كتێبم نییه له‌و شێوه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت. وتی به‌ڵێ هه‌ته! وتم ناوی چییه؟ وتی : ناوی قورئانه! ئه‌و كتێبه‌ی ئێوه پڕه له توند‌و تیژی و شوێنكه‌وتوانى له‌سه‌ر توندڕه‌وی په‌روه‌رده ده‌كات؟! منیش وتم: ئێمه وا له سه‌یاره‌كه نزیك بووینه‌وه و ئه‌مه‌ش تۆ ده‌يخه‌يته ڕوو قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت، من ئه‌و كتێبه‌ى تۆ به‌و شێوه باسى ده‌كه‌يت به په‌يامى خواى گه‌وره‌ى ده‌زانم بۆ مرۆڤايه‌تى و باوه‌ڕم به پيت به پيتى هه‌يه و هه‌مووى به ميهره‌بانى ودادگه‌رى ڕه‌ها ده‌زانم، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت پێ ده‌ڵێم: تۆ وه‌كو به‌رپرسێك له پارته‌كه‌ى خۆتدا، ساڵانێك له گه‌ل هێزى تردا هه‌ڵبژارده‌ی شه‌ڕتان به باشترین ڕێگه‌چاره دانه‌نابوو له یه‌كترتان نه‌ده‌كوشت؟ ئه‌گه‌ر له مێژووی ئیسلامیشدا كوشتار بووبێت سه‌يرو سه‌مه‌ره له كوێدايه ، كه ده‌وڵه‌ت بووه و دوژمنی هه‌بووه‌و له گه‌ڵیاندا له‌جه‌نگدا بووه، ئێ شه‌ڕيش بێگومان كوشتارى لێ ده‌كه‌وێته‌وه ؟ وتی ئاخر ئێمه مرۆڤین و قورئان گوایه قسه‌ی خوایه، چۆن ئه‌بێت خوا شه‌ڕی پێ باش بێت…وتم باشه تۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ده‌ستدرێژی كرده كرده سه‌ر منداڵه‌كه‌ت يان خۆت، هه‌موو سنورێكی به‌رانبه‌رت به‌زاند، لێیدای و ماڵی خواردی تۆ له‌به‌رانبه‌ردا وه‌ڵامت چییه ؟ بۆ نموونه گوڵێكی پێشكه‌ش ده‌كه‌یت، بڕێك پاره‌ی بۆ ده‌كه‌یته دیاری ؟ یان ده‌چێت مافى خۆتی به زیاده‌وه – یان هیچ نه‌بیت وه‌كو خۆی – لێ ده‌سێنیته‌وه؟ وتی من و تۆ به ده‌ره‌نجام ناگه‌ين، وتم ڕاسته‌كه‌یت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ئاساییه به‌لامه‌وه كه تۆ وا بیرئه‌كه‌یته‌وه، هه‌ركێ ئازاده له‌م دونيا چى ڕێباز‌و بيروباوه‌ڕێك هه‌ڵبژێرێت، قيامه‌تيكيش هه‌يه بۆ دادگاييكردن و يه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا با تۆش ئاسایی بێت به‌لاته‌وه كه من موسوڵمانم و دينه‌كه‌م دينى زۆرينه‌ى ڕه‌هاى ئه‌م گه‌له‌يه، هه‌ركێ له‌سه‌ر ڕێبازی خۆی، وتی به‌ڵێ وایه و وا ئه‌بین، مامۆستاكه وتى: من خاوه‌ن قسه‌ی خۆم بووم ، به‌ڵام ئه‌و خاوه‌ن قسه‌ی خۆی نه‌بوو.
إحسان برهان الدين
2017-2-8 سلێمانى
