زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان كاتێك ئه‌م دونیا به جێ ده‌هێلن و مالئاوایی لێ ده‌كه‌ن ، ته‌نها كۆمه‌ڵه یادگارییه‌ك له دوای خۆیان به جێ ده‌هێڵن و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌بنه مایه‌ی خه‌م و خه‌فه‌ت بۆ ده‌وروبه‌ریان ، دوای چه‌ند مانگێك یان ساڵێك به ته‌واوی په‌ڕاوگه‌ی باسكردنیان له دونیا داده‌خرێت و ده‌خرێنه ئه‌رشیفی یادگارییه‌كانه‌وه.
من لێره‌دا باسم له‌سه‌ر ئه‌وانه نییه له خه‌می دوا ڕۆژی خۆیاندان و به كرده‌وه‌ی چاكه هه‌وڵه‌كانیان به چڕی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دوا ڕۆژیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، ئه‌وان ته‌مه‌ن وه‌كو پردێك ته‌ماشا ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری هه‌میشه‌یی دوا ڕۆژی خۆیان ، بێگومان ئه‌وه تیگه‌یشتنی ڕاستیقینه‌یه له حه‌قیقه‌تی قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی ته‌مه‌ن ، من لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌وانه‌یه هه‌ر له دونیادا له پاش ئاوابوونی خۆری ژیانیان ، به كرده‌وه‌كانیان له پێناو مرۆڤایه‌تیدا ته‌مه‌نێكی واتایی نه‌بڕاوه بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
له‌ڕاستیدا ته‌مه‌نی مرۆڤ هه‌لێكی بێ وینه‌یه بۆ به ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ری دونیا و دوا ڕۆژ ، به‌ڵام له درێژایی مێژوودا ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی هه‌لی ته‌مه‌ن به‌باشی ده‌قۆزنه‌وه‌و ده‌یكه‌نه هۆكارێك بۆ درووستكردنی ته‌مه‌نێكی تر ، سه‌دان جار درێژتر له و چه‌ند ساڵه كه‌مه‌ی له دونیا به‌سه‌ری ده‌به‌ن.
ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز مرۆڤیك نه‌بووه‌و ناشبیت نه‌مر بێت وه‌كو جه‌سته ، به‌ڵام هاوكات ده‌كرێت به خزمه‌ته‌كانی بۆ مرۆڤایه‌تی و ڕوناككردنه‌وه‌ی ڕێگای ژین و دینیان ، وه‌كو ناو و بایه‌خ پێدان و سوود لێوه‌رگرتن به‌رده‌وام زیندوو بێت ، به‌ڵكو زیندووتر له زۆرێك له‌وانه‌ی له دونیادا ده‌ژین و وبه‌ڵام له ڕاستیدا هاوشێوه‌ی مردووه‌كانن.
نووسه‌ران : كه شاكاره‌كانیان به‌رگری تێپه‌ر بوونی سه‌ده‌كان ده‌كات و له گه‌ڵ ڕه‌وڕه‌وه‌ی زه‌مه‌ندا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه و خه‌ڵكی سودیان لێ ده‌بینن ، سه‌ركرده‌كان : ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه به ڕاستگۆیی و ده‌ستپاكی و به‌رخودان له پێناو میلله‌ته‌كانیان ده‌ژین ، پێشه‌وایانی خه‌ڵكی : كه مه‌شخه‌ڵی ڕێن و چاوساغی دڵسۆزی ئه‌وانن ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه خۆیان له‌بیر ده‌كه‌ن و له پێناو به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵكی و له‌به‌ر ڕه‌زامه‌ندی په‌روه‌ردگار هه‌ڵوێستی جوامێرانه بۆ مێژوو ده‌نوێنن ، ئه‌گه‌ر چی پاش مردنیان لاشه‌كانیان به كفن ده‌پێچرێته‌وه ، به‌ڵام به كرده‌وه‌و زانست و هه‌ڵوێسته‌كانیان ته‌مه‌نێكی نوێ بۆ خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن له‌وانه‌یه چه‌ندین سه‌ده درێژبێته‌وه ، به‌ڵكو له‌وانه‌یه تاكو ئاوابوونی خۆری دونیا هه‌ر به‌رده‌وام بێت ، به‌ڵام به مه‌رجێك له‌سه‌ر ڕێگای ڕاست بن .بۆیه زۆر گرنگه مرۆڤ هه‌میشه له خه‌می ئه‌وه‌دا بێت له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و خزمه‌تێك یان داهێنانێك یان هه‌ڵوێستێك پێشكه‌ش به‌ده‌ورو به‌ری بكات ڕێگر بێت له‌وه‌ی مردن ببێته كۆتا وێسته‌گه‌كانی ژیانی.
ئه‌وانه‌ی ئه‌م ته‌مه‌نه نه‌بڕاوه بۆ خۆیان مسۆگه‌ر ده‌گه‌ن كه‌سانی ئاسایی نین ، به‌ڵكو له بنه‌ڕه‌تدا ئاماده‌ییان تێدایه گۆڕانكاری باش له ژیانی خه‌ڵكیدا ئه‌نجام بده‌ن ، نیشانه‌كانی هه‌لكه‌وتن و پێشه‌نگییان زوو ده‌رده‌كه‌وێت ، له‌به‌ر چاوی قه‌ده‌ردا په‌روه‌رده ده‌بن بۆ بینینی ئه‌و ڕۆڵه‌ی چاوه‌ڕوانیانه ئه‌نجامی بده‌ن ، به‌و شێوه‌ش له فراوانترین ده‌رگاكانی مێژووه ده‌چنه ژووره‌وه.
2016-9-22 سلێمانی