ئه‌ركی مامۆستای ئایینی ئه‌ركێكی گەلێك قورسه
مه‌خابن؛ ڕێژه‌یه‌كی زۆر و لە زۆریش زیاتر! له مامۆستایانی ئایینی كوردستان هه‌رگیز شایانی میراتگرێتی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم نین و جوبه‌و مێزه‌ره‌كه‌یان لێ بكه‌یته‌وه هیچ بایه‌خێكیان نامێنیت، چونكه نه زانستی شەرعی و مەنهەجی تەواویان پێیه و نه غیره‌تیان له‌سه‌ر دینەكەیان دەجوڵێت، ئیسلامیان كردووەتە ئامراز و ڕێگەیەك بۆ بەرژەوەندی خۆیان و لەبەرانبەردا ئەوانەی كە ئاراستەیان دەكەن چۆن بیانەوێت بەو شێوە دەیانجوڵێنن، به‌ڵام لە هەمان كاتتدا مایەی دڵخۆشییە كە:
ڕێژه‌یه‌كیش له‌وان (ئەگەرچی کەمن و زۆریش كەمن بەراورد بەوانی تر) به‌ڕاستی شایانی ڕێز‌و ته‌قدیرو شانازی پێوه‌كردنن، چونكه خۆفرۆش و دین فرۆش نین و نه‌فسیان به‌رزه‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تی موسوڵمانانەی سه‌ربه‌خۆی خۆیانن و زانستیان هه‌یه و ئیش به زانسته‌كه‌یان ده‌كه‌ن و خه‌ریكی خۆ پێگه‌یاندن و خه‌ڵك پێگه‌یاندنن و، له گه‌ڵ پەروەردگار ودینه‌كه‌یان و موسوڵماناندا ڕاست ده‌كه‌ن و، له‌و كار‌و ئه‌ركه‌ی پێیان سپێردراوه هه‌ست به لێپرسراوێتی ده‌كه‌ن ومه‌لایه‌تییان نه‌كردووه‌ته هۆكارێك بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئیمتیازاتی مادی و مه‌عنه‌وی و پله و پایه به‌ده‌ست هێنان و خەون بینین بە ئەندام بەرلەمانێتی و گومڕاكردن و به‌لارێبردنی خه‌ڵكی و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی کەسێتی جۆراوجۆری خۆیان و ئەوانەی كاریان بۆ دەكەن.
لە ڕاستیدا ئه‌و مامۆستایانه باره‌كه‌یان قورسه‌و ده‌پاڕێینه‌وه له الله تعالی جێگیریان بكات له‌سه‌ر ڕێگای حەق و وتن و گەیاندنی حه‌ق، چونكه مه‌لایه‌تی له‌م ڕۆژگاره‌دا تاقیكردنەوەیەكی قورسە لە دیندا بۆ خاوەنەكەی دەكرێت و دەرچوونیش لەو تاقیكردنەوە هەر زۆر ئەستەم و گرانە، ئەوان لە نێوان دوو بژاردەی یەك لە یەك پڕ مەترسیتردان:
یەكەم ڕازی كردنی پەروەردگار و ئارام گرتن لەسەر ناخۆشیەكانی ئەو بڕیارە و گوێ نەدان بە لەدەستچوونی بەرژەوەندی دونیایی و بگرە بەركەوتنی زیان و ناخۆشیش.
دووەم: ڕازی كردنی خەلكی و دەسەڵات و ئەوانەی بەڵێنی پارە و پۆستیان پی دەدەن لە بەرانبەر ئەوەی لە ئاستی بینینی حەق كوێر بن و لە بیستنی ڕاستی كەڕ بن و ئەوەی پێیان دەسپێردرێت ئەوە ئەنجام بدەن.
هەر كەسێكم زۆر خۆش بوێت و بزانم گوێم لێ دەگرێت و بە قسەم دەكات، لەبەر الله و لە بەر خودی ئەو كەسەش تەنها یەك داواكاری لێ دەكەم: ئەگەر مامۆستای ئایینیت واتە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمیت وترست لە خۆت هەیە وەكو ئەوانی تر تووشی دین فرۆشتن و لادان بیت، تا زووە واز لەو كارەت بهێنە و هەر چۆنیك بووە كارەكەت بگۆڕە و لە جێگەیەكی ترەوە خزمەت بە دینەكەت بكە!
ئەگەریش كارێكی ترت هەیە، بۆ نموونە مامۆستای قوتابخانەیت، یان فەرمانبەریت و بیر لەوە دەكەیتەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببیتە مامۆستای ئایینی و ئیشەكەت بۆ مەلایەتی بگۆڕیت ، ئەگەر سەد لەسەد لە كەسایەتی و عەقیدەو بیروباوەری خۆت دڵنیا نیت و لاوازی لە خۆتدا وەدی دەكەیت، تكات لێ دەكەم ئەو بیرۆكەیە بە یەكجاری لە سەری خۆت دەر بكە، چونكە – الله أعلم -ئەو نیازەت سەركێشی كردنە هەم بە دین و هەم بە دونیاتەوە.
إحسان برهان ا‌لدین
10 ربيع الآخر 1439
2017-12-29 سلێمانی