الثلاثاء , سبتمبر 26 2023
سه‌ره‌تا / وتاری نوسراو / چه‌ند تێبینییه‌كی برایانه‌ بۆ وتارخوێنه‌كان

چه‌ند تێبینییه‌كی برایانه‌ بۆ وتارخوێنه‌كان

چه‌ند تێبینییه‌كی برایانه‌ بۆ وتارخوێنه‌كان

پێویسته‌ له‌ كاتی گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌و به‌سه‌رهات ، له‌ خستنه‌رووی حوكمه‌كانی شه‌رع و ڕێنوێنیكردنی موسوڵمانان ، ڕه‌چاوی پشت به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ بكه‌ن ، پێویسته‌ هه‌میشه‌ ڕووی ده‌متان و بایه‌خدانتان بۆ ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌رچوونیان له‌ مزگه‌وت نازانن مامۆستا باسی چی كردووه‌ نه‌خوازه‌ڵا به‌ دوای به‌ڵگه‌شدا بگه‌ڕێن ، ڕازی بوونی ئه‌وان مه‌كه‌نه‌ پێوه‌ر چونكه‌ زۆربه‌یان ده‌ژین وده‌مرن كتێبێك ناخوێننه‌وه‌ ، ته‌نها ده‌بیسن و ئه‌وانه‌شی كه‌ ده‌یبیسن زۆرێكی له‌ بیر ده‌كه‌ن ، پێویسته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو خوێنده‌وار و شاره‌زا له‌ هه‌موو مزگه‌وتێكدا هه‌یه‌ ، نابێت دوور له‌ به‌ڵگه‌و مه‌نتیق ئامانجانتان ته‌نها وروژان و كارتێكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی عام بێت كه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان به‌ جێهێنانی فه‌ریزه‌كه‌یه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وان متمانه‌ی ته‌واویان به‌ ئێوه‌یه‌ ئه‌وه‌ی باسی ده‌كه‌ن وا ده‌زانن ده‌قاوده‌ق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی الله علیه وسلم باسیان كردووه‌ ، ، نابێت له‌ كاتی تووڕه‌بوون و حه‌ماسه‌تدا له‌سه‌ر مینبه‌ر ئیتر وا بزانن ڕه‌وایه‌ هه‌رچی بڵێن به‌ مه‌به‌ستی دڵ نه‌رم كردنی خه‌ڵك ، یان ڕێنموونیكردنیان بۆ ڕێگای چاكه‌ ، یان سه‌رنج ڕاكێشانیان بۆ ڕاستیه‌ك یان بارودۆخێكی تایبه‌ت ، به‌ كورتی نابێت بۆ ئامانجی ڕاست و ڕه‌واو باش به‌ بێ به‌ڵگه‌ قسه‌ بكه‌ن یان پشت به‌ به‌ڵگه‌ی لاواز ببه‌ستن ، یان به‌ڵگه‌كه‌ ڕاست و به‌هێز بێت به‌ڵام په‌یوه‌ندی به‌ باسه‌كه‌وه‌ نه‌بێت و له‌و جۆره‌بێت زانایان پێی ده‌ڵێن (القیاس مع الفارق)…ئه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی ته‌نها مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵكی درووست بكه‌ن و به‌ره‌و خێرو چاكه‌ بیانبه‌ن ، با هۆكاره‌كانتان بۆ ئه‌و كاره‌ ڕاست و جوانه‌ ڕاست و جوان بن ، به‌زه‌ییه‌كتانیش به‌وانه‌دا بێته‌وه‌ كه‌ شاره‌زان وبه‌ وردی گوێ ده‌گرن و توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی وتاره‌كانی ئێوه‌یان هه‌یه‌ ، وه‌كو بیرهێنانه‌وه‌ش باشتریشه‌ ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ن:

1- به‌رده‌وام چاودێری نیه‌تتان بكه‌ن ، چونكه‌ ئێوه‌ به‌ كارێكی هه‌ستیارو گه‌وره‌وه‌ سه‌رقاڵن ، ده‌كرێت ڕێگایه‌ك بێت بۆ به‌هه‌شت ،به‌ تێكچوونی نییه‌تیش ده‌كرێت وا نه‌بیت په‌نا به‌ خوا.

2- هه‌میشه‌ قسه‌ی ڕاست و دروست و به‌ڵگه‌دار نه‌بێت نه‌یكه‌ن ، قسه‌ی ئێوه‌ لای خه‌ڵكانێكی زۆر وه‌كو دین وه‌رده‌گیردرێت چونكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ متمانه‌ی ته‌واویان پێتانه‌ ، له‌ لایه‌كیشه‌وه‌ خۆیان توانای گه‌یشتنیان به‌ حوكمی شه‌رع نییه‌ و ئێوه‌ چاوساغی ئه‌وانن ، (والمستشار مۆتمن) ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ با قورئان و سوننه‌تی صه‌حیح وتێگه‌یشتنی پێشینانی ئوممه‌ت مه‌شخه‌ڵی ڕێگه‌تان بیت.

3- به‌ پێی عه‌قڵی خه‌ڵكی قسه‌ بكه‌ن و ڕه‌چاوی ئاستیان بكه‌ن ، (كلم الناس علی قدر عقولهم) مینبه‌ر جێگای قسه‌ی فیكری و فه‌لسه‌فی نییه‌ ،ئێوه‌ بۆ ئه‌وان قسه‌ ئه‌كه‌ن ، نابێت له‌ ئاستێكدا قسه‌ بكه‌یت ئه‌وان لێت تێنه‌گه‌ن ، له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ هونه‌ره‌وپێویستی به‌ په‌ره‌پێدان هه‌یه‌.

4- له‌ خوتبه‌یه‌كدا باسی یه‌ك مه‌سه‌له‌ بكه‌ و به‌ڵگه‌ی قورئان فه‌رمووده‌ و به‌ جوانی حه‌قی باسه‌كه‌ بده‌ ، واته‌: زیاتر له‌مه‌سه‌له‌یه‌ك باس مه‌كه‌.

5- هه‌رگیز مه‌هێڵه‌ نوێژخوێنان بگه‌نه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی بڵێن مامۆستا كه‌ی له‌ وتاره‌كه‌ی ئه‌بێته‌وه‌ ، خه‌ڵكی بۆ ماوه‌ه‌یكی دیاریكراو تیگه‌یشتن و وه‌رگرتنی باشه‌ دواتر داڵغه‌ ئه‌یبات بۆ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وت ،بتوانیت به‌ 15 خوله‌ك خوتبه‌كه‌ت ته‌واو بكه‌یت زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی 40 خوله‌ك قسه‌ بكه‌یت ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی شه‌رعی له‌سه‌ره‌ به‌ بۆچوونی زانایانی ده‌روونناسیش هه‌روا باشتره‌.

6- به‌رنامه‌ی خۆتت هه‌بێت بۆ وتاره‌كانت و به‌قسه‌ی خه‌ڵكی مه‌كه‌ ، گوێیان لێ بگره‌ به‌ڵام با ئاراسته‌ت نه‌كه‌ن ،مه‌گه‌ر هه‌ندێ حاڵه‌تی كه‌م نه‌بێت.

7- خۆت به‌ دوور بگره‌ له‌و پرسانه‌ی خیلافیان له‌سه‌ره‌ و مینبه‌ر جێگای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ فیقهی و عه‌قیدیانه‌ نییه‌.

8- زۆر به‌ باشی خۆت بۆ وتاره‌كه‌ت ئاماده‌ بكه‌ و پرۆڤه‌ی زۆر بكه‌ و نموونه‌ی واقیعی به‌ بێ زیاده‌ره‌وی ئاراسته‌ی خه‌ڵكی بكه‌.

9- هه‌رگیز توخنی فه‌رمووده‌ی موضوع و ضعیف نه‌كه‌ویته‌وه‌ و به‌وه‌ فریو مه‌خۆ كه‌ وتراوه‌ بۆ دڵ نه‌رم كردنی خه‌ڵكی كێشه‌ نییه‌ په‌نا بۆ فه‌رمووده‌ی لاواز ببه‌یت ،ئه‌و قسه‌ ڕاست نییه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و تۆمه‌تباركردنی ئیسلامه‌ به‌ ناڕاسته‌وخۆ.

10- هه‌رگیز وتار دووباره‌ مه‌كه‌ره‌وه‌ له‌ یه‌ك مزگه‌وتدا وه‌كو خۆی دوای سێ ساڵیش دوباره‌ی بكه‌یته‌وه‌ پێی ئه‌زانن و پێشیان ناخۆشه‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌دواته‌وه‌ قسه‌ش بكه‌ن.

11- له‌ وتارخوێندندا خاو مه‌به‌ و با سیفاتی وتاربێژت تیدا بیت له‌ توندوتۆڵی، هاوكات نابێتیش به‌رده‌وام توڕه‌ بیت و باسی هه‌رچی بكه‌یت هه‌ر به‌ توندی و توره‌یی بیكه‌یت!

12- هه‌ڵه‌ مه‌كه‌ له‌ خویندنه‌وه‌ی ئایه‌ت ، فه‌رمووده‌ ، قه‌ولی زانایان ، شیعر..چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ عه‌یب داده‌نرێت.

13- پۆزش مه‌هینه‌وه‌ له‌سه‌ر وتاری لاواز به‌وه‌ی كه‌ خۆتت بۆ ئاماده‌ نه‌كردووه‌.

14- با جلوبه‌رگت جوان و ڕێك و پیك بێت ، جاروبار بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك له‌ نێوان بڕگه‌كانی وتاره‌كه‌ت بێده‌نگ ببه‌ و ڕاوه‌سته‌ ، ده‌ست و چاوت بۆ تیگه‌یاندن به‌ كارهینه‌ ، به‌ یه‌ك ئاستی ده‌نگ قسه‌ مه‌كه‌ له‌ هه‌موو وتاره‌كه‌تدا ، به‌ پێی قسه‌كان ده‌نگت به‌رزكه‌ره‌وه‌ ده‌نگت نزمكه‌ره‌وه‌.

15- مه‌ترسه‌ خه‌ڵكی به‌كه‌مترین ئه‌ندازه‌ی ترس ئه‌زانن له‌ قسه‌كانتدا ،به‌ڵام حساب بۆ هه‌موو هه‌ڵوێستیكیش بكه‌ و لۆژیك بكه‌ پێوه‌ر ، لایه‌نگری هیچ كه‌س و لایه‌نێكت با پیوه‌ دیار نه‌بیت به‌ تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ دادوه‌ر و خواناسیش بێت هه‌ر ده‌خریته‌ قه‌فه‌سی تۆمه‌ته‌وه‌ و به‌ته‌عبیری خه‌ڵكی عام به‌ ماستاو كردن تومه تبارت ده که ن.

16- هه‌وڵ بده‌ هه‌رگیز ئه‌و كاره‌ پیرۆزه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مادی به‌ هیچ به‌هانه‌یه‌كه‌وه‌ نه‌قۆزیته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا لای خه‌ڵكی پێناسه‌یه‌كی خراپ ده‌كرێیت.

17- خه‌لكی باسی تایبه‌تی خۆیان و نهێنی ماڵ و خێزانی خویانت بۆ باس ده‌كه‌ن چونكه‌ نۆ جێگای متمانه‌ی ئه‌وانی، بۆت نییه‌ ئه‌و قسه‌وباسانه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ر بگێڕیته‌وه‌ با ناوی خاوه‌نه‌كه‌شی نه‌هێنیت ، بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌ت له‌ خاوه‌نه‌كانیان وه‌ربگریت چونكه‌ (المجالس بالأمانة…المسلمون عند شروطهم).

18- به‌رده‌وامی پێویسته‌ له‌ خویندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی شه‌رع و ته‌فسیر وفه‌رمووده‌و عه‌قیده‌ و نابیت بواره‌كانی تری زانستیش له‌بیر بكه‌یت ، وتاربیژ ده بیت روشنبیر بیت ،ئه‌گینا ده‌بیته‌ مامۆستایه‌كی ته‌قلیدی كه‌ شتیكی نویت پیی نییه‌ جگه‌ له‌و قسانه‌ که هه‌موو مامۆستایان ده‌یكه‌ن.

19- له‌ كۆتاییشدا دووباره ی ده که مه وه و ده‌ڵێم: هه‌رچی قسه‌كانت هه‌یه‌ له‌ ڕووی شه‌رعه‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ڕاست و درووست به‌هیزیان بكه‌ و نه‌كه‌ی ده‌ست بۆ به‌ڵگه‌و به‌سه‌رهات وبۆچوونی لاواز ببه‌یت ، هه‌رگیز به‌ بێ به‌ڵگه‌ مه‌ڵێ ئه‌وه‌ حه‌ڵاله‌ و ئه‌وه‌ حه‌رامه‌ ، ئه‌وه‌ درووسته‌و ئه‌وه‌ درووست نییه‌ ، چونکه تو هه رچه ند زانا بیت خوت له خوتدا حوججه نیت ! ئه‌گه‌ر به‌ كورتیش بیت به‌ڵگه‌ی قسه کانت بخه‌ره‌ ڕوو.

إحسان برهان الدین

2016-11-25 سلێمانی

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *