پێغه‌مبه‌ران سه‌لامی خوایان لێبێت بژارده‌ی مرۆڤایه‌تین
له بوخاریدا هاتووه كه عیسا سه‌لامی خوای لێبێت پیاوێكی بینی دزی ده‌كات ، پێی وت: دزیت كرد ؟ پیاوه‌كه وتی: نه‌خێر، سوێند به‌و خوایه‌ی كه هیچ خوایه‌كی تر نییه جگه له ئه‌و ، عیسا سه‌لامی خوای لێبێت فه‌رمووی: (آمنت بالله وكذبت عیني). واته: باوه‌ڕم به سوێنده‌كه‌ت كرد و چاوی خۆمم به درۆ خسته‌وه.
هه‌ندێ له ڕاڤه‌كارانی فه‌رمووده‌كه پێیان وایه وشه‌ی: (سرقت) پرسیار بووه نه‌ك هه‌واڵدان، هه‌ندێكی تر فه‌رموویانه له‌وانه‌یه ماڵی خۆی بووبێت وعیسا سه‌لامی خوای لێبێت وای زانیبێت دزی لێ ده‌كات ، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م ڕووداوه جیاوازی ئیمانی پێغه‌مبه‌ران و متمانه‌یان به په‌روه‌ردگاریان ده‌رده‌خات، هه‌روه‌ها به‌راوردێك ده‌خاته ڕوو كه عیسا سه‌لامی خوای لێبێت كردوویه‌تی له نێوان ئه‌وه‌ی چاوی بینیوێتی له لایه‌كه‌وه و، سوێندی كابرا به خوای گه‌وره له لایه‌كی تره‌وه ، بۆیه ئاسان بووه به‌لایه‌وه چاوی خۆی بخاته درۆوه و تۆمه‌تباری بكات، كه ڕه‌نگه هه‌ڵه‌ی كردبێت له دیاری كردنی دیمه‌نه‌كه، پێغه‌مبه‌ران سه‌لامی خوایان لێبێت بژارده‌ی مرۆڤایه‌تین و ئاستیان له‌سه‌رووی ئاستی ئاده‌میزاده‌كانی تره‌وه‌یه.
إحسان برهان ا‌لدین
2016-12-9 سلێمانی