پێوەرەكانی خۆشویستنی وەتەن
خۆشەویستی نیشتمان هەستێكی جێگیرە لە ناخی كەسەكاندا، تەنانەت پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم وهاوەڵان الله لێیان ڕزای بێت خاك و نیشتمانی خۆیان خۆشویستووە ودڵگیر بووە بەلایانەوە، بەڵام ئەو خۆشەویستییە بە رەهایی نییە ودەبێت موسوڵمان لەو پرسەدا ڕەچاوی چەند پێوەرێك بكات.
موسوڵمانی راستەقینە ئەو كەسەیە كە هیچ كارێك ئەنجام نادات، سەرە ئەلفێك لە زاری دەرناچێت، بەردیك لەسەر بەردێك دانانێت، تاكو حوكمی دینەكەی نەزانێت لەسەر ئەو كارەی كە ئەنجامی دەدات چییە و سنوورەكانی چۆنە، بۆیە بە كورتی دەربارەی خۆشەویستی وەتەن لێرەدا ئەم چەند خاڵە دەخەینە ڕوو:
1- خۆشویستنی وەتەن، ئەگەر ئەو وەتەنە بیابان و شوێنێكی ناخۆشیش بێت، هەستێكە لەناو دڵ ودەرووندا جێگیرە وموسوڵمان لەسەری گوناهبار نابێت چونكە مەسەلەیەكی فیتری و خۆڕسكە، بەڵام دەبێت پلە وئاستی ئەو خۆشەویستییە بكەوێتە دوای خۆشەویستی الله تعالی و پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و دین و شەریعەتی ئیسلام، نابێت تیكەڵ بوون و ناهاوسەنگی لەو بارەوە درووست ببێت، ئەگەر ئەو هاوتایە پێچەوانەوە بوو، لە ڕووی شەرعییەوە ئەو خۆشەویستییە دەبێتە جۆرێك لە شیرك و لادان لە ڕێبازی ئیسلام.
2- زانایانی ئیسلام گرنگییان بە خۆشەویستی وەتەن و وخزمەتكردنی داوە وهانی خەڵكیان داوە ئەنجامی بدەن لە حاڵەتیكدا ئیسلام لەو نیشتمانەدا بەرێز بیت و شەریعەتەكەی – بەڕاستەقینە نەك بەڕواڵەت – كاری پێبكرێت، تەنانەت هەر جۆرە خیانەتێكیان لە وەتەن بە تاوانی گەورە ژماردووە، بە واجب یشیان زانیوە موسوڵمان ئامۆژگاری چاكی هاوڵاتیانی خۆی بكات ولەگەڵیاندا دەست پاك و ڕاستگۆ بێت و دڵسۆز بێت وبەرگری لە خاكی خۆی بكات، بەو مەرجەی نیشتمانەكەی و ئەوانەی لەسەری دەژین شانازی بە ئیسلامەوە بكەن و شەریعەتەكەی بە هیچ یاسا و ڕێسایەكی دەستكردی مرۆڤەكان نەگۆڕنەوە.
3- هەروەها پێویستە خۆشەویستی خاك و ئاو وزێد ونیشتمان – بە شێوەیەك لە شێوەكان – پەیوەست بێت بە دین وشەرعەوە، نەك خۆی بۆ خۆی وەكو خاك وئاو وشار وشوێن بەدەر لە دووری و نزیكی لە ئیسلام خۆشەویست بیت! بۆ نموونە ئەگەر ئەو نیشتمانە بوو بە جێگای دژایەتی دین و ناشیرینكردنی ئیسلام و گۆڕینی سەوابیتی شەریعەت، ئیتر هیچ مەعنایەك بۆ خۆشەویستی ئەو نیشتمانە نامێنیت، ئەگینا بەو واتایە دیتەوە كە تۆ پێت خۆشە دینی الله تعالی سووك بێت و بشێویت و پاشەكشە بكات.
4- هەر لەبەر ئەو هۆیەی سەرەوە موسوڵمان نەك هەندێ جار هەموو پەیوەندییەكی وابەستەبوون و خۆشەویستی بەخاك و ئاو وزێدەوە دەپچڕێنێت، بەڵكو كۆچیش دەكات و ئەو نیشتمانەش بەجێ دەهێڵێت، وەكو چۆن پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و هاوەڵانی الله لێیان رازی بێت مەككەیان بە جێهێشت لە كاتێكدا خاكێكی خۆش و دڵگیر بوو بەلایانەوە وتێیدا لە دایكبووبوون و پەروەرە بوون وكەسوكارو خزم وهاوڕێشیان هەمووی هەر لەوی بوو.
5- هەر لە ڕۆشنایی ئەو خاڵانەوەی سەرەوەدا و ئەگەر وەتەنی موسوڵمان دینەكەی تێدا ڕێز لێگیراو نەبوو و نەیتوانی دینداری خۆی بەڕێك و پێكی و بە ئازادی بكات، ئەو كاتە نابێت بە نیشتمان و وەتەنی خۆی بزانێت، بەڵكو ئەگەر توانی دەبێت بارو هەوارگەی خۆی بپێچێتەوە بۆ شوێنیك دینەكەی تێیدا ڕێز لێگیراو بێت و هیچ نەبێت بچێتە جێگەیەك بتوانێت دینداری خۆی بە سەلامەتی بكات، تاكو ئەو ماوە كەمەی تەمەنی لەم دونیایەدا بەسەر دەبات و بەسەر بەرزی و ڕووسووری لەسەر ئەو عەهد و پەیمانی تەوحیدە كە لێی وەرگیراوە جێگیر بێت لەسەری، دەگەڕێتەوە لای پەروەردگاری.
6- بۆ ئەو كەسەی كە خۆی بە موسوڵمانێكی ڕاستەقینە دەزانێت، خۆشویستنی وەتەن، یان هەستی نەتەوایەتی پێویستە لە ڕۆشنایی شەریعەتی ئیسلامدا بێت و بە ئەحكام و سنور و فەرمانەكانییەوە پەیوەست بێت.
7- بۆ ئەوەی موسوڵمان تووشی تاوان و لادان نەبێت، سەبارەت بە خۆشەویستی وەتەن ونەتەوە پێویستە بڵێیت نیشتمانم لەبەر دینەكەم خۆش دەوێت، جێگیریش دەبم لەسەر ئەو خۆشەویستییە تا ئەو كاتەی نیشتمانەكەم جێگایەك بێت بۆ جێبەجێكردنی دینكەم وبەرز ڕاگرتنی شەریعەتەكەم، نەتەوەو میللەتی خۆیشم خۆیشم خۆش دەویت وبەبرا و بەكەسی خۆمیان دەزانم، تا ئەو كاتەی ئەوان شانازی بە دینەكەیانەوە بكەن و خۆیان بە موسوڵمان بزانن، لەوەش گرنگتر پێویستە بڵێت: من پێش یەكەم جار وپێش هەموو ئیعتیبارێكی تر موسوڵمانم، ئینجا كوردم یان عەرەبم یان هەر نەتەوەو زمانێكی ترم، چونكە ئەگەر پێچەوانەكەی رەچاو كرد، دەبێت ئەرك و واجباتی نەتەوایەتی بخاتە پێش ئەرك و واجباتی ئیسلام، بەوەش لە ڕێبازی ئیسلام لادەدات و تووشی شیرك دەبێت.
8- هەندێ جێگە هەیە لە ڕووی شەرعییەوە با نیشتمانی خۆیشت نەبێت و تێیدا لە دایك نەبووبیت و پەروەردە نەبوو بیت، لەبەر ئەوەی جێگایەكی پیرۆزەو لە قورئان و لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم ئاماژە بۆ گرنگی و بۆ پیرۆزییان كراوە، پێویستە هەموو موسوڵمانێك لە وەتەنی خۆی زیاتر خۆشی بوێت و بەڕێز و بەبەرز تەماشای بكات، ئەڵبەتە تەنها لەبەر ڕەزامەندی الله تعالی نەك لەبەر هیچ ئیعتیبارێكی نەتەوایەتی تر، نموونە ئەو جێگایانەش مەككەی پیرۆر و مەدینەی ڕوناك و مزگەوتی ئەقسا.
9- خۆشەویستی وەتەن لە ئیسلامدا بە واتای ئەوە نایەت كە شوێنی قەومەكەت بكەویت یان هاونیشتمانیانت چییان كرد كوێرانە شوێنیان بكەویت، چونكە موسوڵمانی راستەقینە شەریعەتێكی هەیە كە بریتییە لەوەی لە دووتوێی قورئان و سوننەتدا هاتووە، دەبێت لە هەموو گەورە و گچكەیەكدا گوێڕایەڵی بێت وبۆی نییە لێیان لابدات: ( و ما كان لمؤمن ولا مؤمنة إذا قضى الله و رسوله أمراً أن يكون لهم الخيرة)، بەو شێوەش پێویستە خۆشویستنی وەتەن بخاتە ژێر ڕكێف و دەسەڵات و فەرمانی شەرع و دینەكەی نەك پێچەاونە.
10- لە خۆشەویستی وەتەن و نەتەوە و هاونیشتمانیدا دەمارگیری قەدەغە وحەرامە، تاكە پێوەر حەقە و حەقیش ئەوەیە كە الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم بە حەقیان زانیوە، بۆیە ئەگەر خەڵكی لە حەق لایاندا ئەگەر باوك وبراو ڕۆشنایی چاویشت بوون پێویستە لێیان بەری بیت و بەشداری ناحەقەكەیان نەكەیت. بۆ نموونە منی موسوڵمان وەكو كوردیك كردم خۆش دەویت تا ئەو كاتەی بە ئیسلام و شەرعەكەی رازی بیت ئەگەرنا خۆشەویستییەكەی دەبێتە ڕوشێنەری دینە وعەقیدە، بە واتایەكی تر كوردم خۆشدەویت ئەگەر موسولمان بێت و هەر كەسێكی تریشم خۆشەوێت ئەگەر موسوڵمان بیت، هەركێیش دوژمنی دینەكەم بێت خۆشم ناوێت لە نەتەوەكەی خۆم بێت یان هەر نەتەوەیەكی تر بێت هیچ جیاوازییەكی نییە.
11- نیشتمان دوو واتای هەیە تەسك و بەرین، واتا تەسكەكەی ئەو خاك و نیشتمانەیە كە لەسەری لەدایك بوویت و تێیدا پەروەردە بوویت وبەو مەرجانەی باسمان كرد خۆشت دەوێت و ئەو كارەشت درووستە وعەیبی نییە، بەڵام واتا بەرینەكەشی ئەوەیە لە كوێ شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ كراو خەڵكەكەی هەر نەتەوەو زمانێك قسە بكەن دەستیان گرت بە شەرعی ئیسلامەوە ئەوە وەتەنی منە وخۆشم دەوێت، با هەزاران میلیش لیمەوە دور بیت و هەرگیز پێم نەخستبێتە سەر ئەو خاكەش. وەكو شاعیرێكی موسوڵمان دەڵێت:
فَأَيْنَمَا ذُكِرَ اسْمُ اللَّهِ فِي بَلَدٍ **** عَدَدْتُ ذَاكَ الحِمَى مِنْ صُلْبِ أَوْطَانِي
12- لە مەسەلەی خۆشەویستی وەتەن و خزمەت كرنیدا، مادام ئیسلام لەسەر خاكەكەیدا جێبەجێ دەكرێت و شەریعەتەكەی ڕێز لێگیراوە، ئەركی موسوڵمانە كەسێكی ئەرێنی و بەكەڵك و خزمەتگوزار بێت بۆ ئەو نیشتمانە، تەنانەت بۆ ئەوانەش كە موسوڵمان نین و لەسەر ئەو خاكە دەژین هەر دەبێت چاكەكار بیت لەگەڵیاندا بەمەرجێك دوژایەتی ئیسلام نەكەن وبەتەعبیری قورئانی كافری حەربی نەبن لە بۆسەدا بن بۆ ئیسلام و موسوڵمانان زیانیان پی بگەیەنن.
- بەڵام لەم بارەوە مەسەلەیەك هەیە شایاتی ڕوونكردنەوەیە ئەویش وتەیەكە وەكو فەرموودە لەناو خەڵكیدا بڵاوبووەتەوە لە كاتێكدا قسەیەكی هەڵبەستراوە و ڕاست نییە كە دەڵێت: (حب الوطن من الإیمان) واتە خۆشویستنی وەتەن بەشێكە لە ئیمان، یان نیشانەی ئیمانە، ئەو قسەش ڕاست نییە خۆشویستنی وەتەن هیچ نیشانەی ئیمان نییە بەڵكو مەسەلەیەكی فیترییە وموسوڵمان و بێ دین بەشدارن لەو خۆشەویستنەدا و بە كورتی ئەوە فەرموود نییە بەڵكو قسەیەكی هەڵبەستراوو بی بنەمایە.
13-پوختەی قسان ئەوەیە خۆشەویستنی نیشتمان و دڵسۆزی بۆی و بەرگری لێكردنی و ئامۆژگاری بۆ كردنی درووستە، بەڵكو ئەركە و هەستێكە لەناخدا بوونی هەیە، بەڵام لە ئیسلامدا ڕێگە پێدانی بەستراوەتەوە بەوەی ئەو نیشتمانە خاكی ئیسلام و موسوڵمانان بێت وشەریعەتی رب العالمین ی لەسەر جێبەجێ بكرێت، ئەگینا نابیتە وەتەنی تۆی موسوڵمان! ئەمەش تایبەتە بە هەموو خاك و خەڵكێكەوە لەسەر ئەم زەوییە بژین و خۆیان بە موسوڵمانی راستەقینەی شوێنكەوتەی قورئان و سوننەت بزانن.
إحسان برهان الدین
17 صفر 1444
2022-9-13