پەیامێكی كورت بۆ خوشكانی بەڕێزم لە ڕێكخراوە ئیسلامییەكان
خوشكانی قەدرگرانم …
واجبی ئامۆژگاری دەیسەپێنێتە سەرم پێتان بڵێم: كاتێك چالاكییەك دەكەن، یان ئامادەی كۆڕ و سیمینار و موحازەرەیەك دەبن، حەڕامە وێنەكانتان بۆ خەڵكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو بكرێتەوە..واجبی سەرشانیشتان ئەوەیە ڕازی نەبن.
خوشكی باشم: لە جیاتی ئەوەی شەرم داتدەگرێت و سەر دادەخەیت و دەست بەسەر چاوی خۆتەوە دەگریت بۆ ئەوەی لە وێنەكەدا دەرنەكەویت، با ئەوەندە غیرەتت هەبێت و بەوانەی سەرپەرشتی ڕێكخراوەكەت دەكەن بڵێ وێنەمان مەگرن، ئێمە ئافرەتین و دەمانەوێت سەنگینی خۆمان بپارێزین، بۆچی بۆ بازاڕی بێ سەروبەری فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نمایشمان دەكەن، پێیان بڵێن بەلگەمان دەوێت لەسەر ئەوەی ئەو كارەتان شەرعییە: (قُلْ هَاتُوا بُرْهَانَكُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ) بە ڕاستی ئەوە كارێكی بێ پاساو و ناشەرعی و حەڕامە، بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەش كە دەبێت شەرع بەیان بكەن و هیچ حوكمێك نەشارنەوە، كارێكی ناشیرین و ناپەسەندە، جگە لە زیان هیچ سوودیكی نە بۆ خۆتان و نە بۆ ڕێكخرواەكەتان و نە بۆ دینەكەتان نییە.
ئەمەی لێرەدا باسی دەكەم پەیوەست نییە بە تەنها یەك ڕێكخراوەوە، نەخێر، بەڵكو بەداخەوە زۆربەی ڕێكخراوە ئیسلامییەكان لە كوردستاندا ئەو كارە نابەجێیە دەكەن و دەیانەوێت بە بەزاندنی سنوورەكانی شەرع مۆدێرن و هاوچەرخیانە دەركەون، سوێند بە الله بەوە لێتان ڕازی نابن و خەیاڵتان خاوە بەسەد ئەوەندەش لێتان ڕازی نابن، خۆتان چاك دەزانن بەچی لێتان ڕازی دەین: ( وَلَن تَرْضَىٰ عَنكَ الْيَهُودُ وَلَا النَّصَارَىٰ حَتَّىٰ تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمْ ۗ قُلْ إِنَّ هُدَى اللَّهِ هُوَ الْهُدَىٰ ۗ وَلَئِنِ اتَّبَعْتَ أَهْوَاءَهُم بَعْدَ الَّذِي جَاءَكَ مِنَ الْعِلْمِ ۙ مَا لَكَ مِنَ اللَّهِ مِن وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ).
سوێند بە الله هەم ئەوان بە پۆستكردنی وێنەكانتان و هەم ئێوەش بەڕازیبوونتان بەو كارە تاوانبار دەبن و ئەم ئاگادار كردنەوەی منیش دەبێتە بەڵگە بەسەرتانەوە.
جگە لە بەرژەوەندی ئێوەو ئەوانەی ئەو رێكخراوانە بەڕێوە دەبەن كە ڕێزم بۆیان هەیە و هاوكات بەزەییم بەو بیركردنەوەیاندا دێتەوە، هیچ بەرژەوەندی و مەبەستێكم نییە.
ئەم چەند دێڕەشم لێرەدا با نیشانەو بەڵگەی بەری بوونی من بێت لەو كارە ناشەرعییەتان كاتێك دەگەرێمەوە لای پەروەردگارم دەلێم دەسەڵاتم نەبوو ئەو ناشەرعییە وزۆر كاری ناشەرعی تریان كە دەیانكرد پێ یگۆڕم ، بەڵام ئەوەندەم پێكرا ئاگادارم كردنەوەو لێی بەریبووم!، هاوكات با بەڵگەیەكیش بێت لەسەر ئێوەی ئافرەتی داماو كە هەركێ هەڵدەسێت چۆن بیەوێت ئاوها بەكارتان دەهێنێت و بێ ئیرادەیی و كەم زانستیتان لە زانستەشەرعییەكاندا دەقۆزنەوە، نەوەك بڵێن نەمانزانی وكەس پێی نەوتین كە بڵاوبوونەوەی وێنەكانمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان حەڕامە.
زۆربوونی ئەوانەی لە شەرع لادەدەن هەرگیز نابێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كاری ناشەرعی درووستە ئەنجام بدرێت…یا الله ئەم كوردە ئیسڵاح بكەیت ڕۆژ لە رۆژ لە بەرنامەو شەرعەكەت دوور دەكەونەوەو واش دەزانن لێی نزیك دەبنەوە.
إحسان برهان الدین
3 رمضان 1444