دڵخۆشكەرە بەڵام !
دڵخۆشكەرە كە قورئانخوێندن وقورئانخوێنان لەناوماندا زۆربوون، ئەگەر لە دیوەكەی تری وردنەبیتەوەو سادەو عەوام ئاسا تەماشای مەسەلەكە بكەیت بە ڕاستی دلخۆشكەرە، بەڵام:
كە كەمێك شتەكان ورد ئەكەیتەوە و لەگەڵیاندا ئەوەستیت و ئەیاندەیتەر بەر تیشكی ئایەتەكانی قورئان و سوننەتە ڕوون و ئاشكراكەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، كە دەتەوێت بە پێوەری عەقیدەو و لە ڕۆشنایی بەڵگەكانی شەریعەتدا لێی بڕوانیت، خەم داتدەگرێت و دڵخۆشییەكەت وەكو دڵخۆشی كەسێكی تینووی لێ دێت، كاتێك لە دوورەوە تراویلكەیەك دەبینێ بەو هیواوە هەر دەڕوات و هەر بەهیچ ناگات!
بەڵێ نەك هەر دڵخۆشكەر دەبوو، بەڵكو دەبوو بە مایەی شانازی و شادومانییەكی زۆر گەورە بۆ موسوڵمان، ئەگەر:
1- ئەو هەموو خۆ نمایش كردنەی لەگەڵ نەبوایە، قورئانخوێنان و فێرخوازانی تەجوید و زانستەكانی قورئانیش لەگەلیاندا، ئەوەی حیساب بێت بۆ ترس لە ڕوپامایی و كەوتنە نێو ڕیاو بەتاڵ بوونی كردەوە نایكەن!
هەر وەكو ئەوەی ئێمە فەرمانمان پێ كرابێت كردەوە چاكەكانمان بۆ هەموو خەڵكی ڕابگەیەنین وعەرزی بكەین و ڕێگە پێدرابێت جۆرەها ڕێگە و داهێنانیش لە نمایشكردنی عیبادەتەكاندا بكەین، هەر كارەساتە و هەستی پێ ناكەین مەخابن.
2- دڵخۆشكەر دەبوو ئەگەر خوێنەر و فێرخوازی قورئان پێش ئەوەی فێری مەخاریج و سیفەتی پیتەكان و شارەزابوون لە مەقامەكان بوایە، پیش هەموو ئەوانە – تەنانەت دوای ئەوانەش – فێری عەقیدە وشەریعەتی ناو ئەو قورئانە بوایە كە دەیخوینیتەوەو لەبەر ئەوەی تەنها و تەنها بیر لای تەجویدە دەچێت پێچەوانەكەی ئەنجام ئەدات، كەمێك فێری ئەو شەریعەتە پەك خراوەی ببوایە كە كەس نە خەمی لێ دەخوات و نە بە كێشەی خۆی دەزانێت، بەڵكو هەمووان بە مامۆستایانی ئایینی و بە كۆڕ وكۆمەڵ و لایەنی ئیسلامی تەقریبەن بە ناڕاستەوخۆ یەكدەنگن لەسەر ئەوەی تۆ ئەوەی لەسەرتە تەنها بیخوینیتەوە و وەكو حاسیبە ئەجروپاداشتەكانی بژمێریت، كاركردن بە عەقیدەو بە ولاء وبراء و بە سنورە شەرعیەكان و….هتد ئەوانە كێشە نییە گرنگ ئەوەیە دەنگت خۆش بێت وخەڵكی بە خویندنەوەكەت بگرین و لایكت زۆر بێت و یان وەكو تووتی هەر خەریكی خەتمە كردن بیت ئیتر با خەتمەكەت وەكو جەستەیەكی بێ گیانیش بێت وهیچ گۆڕاارییەك نە لە خۆت و نە لە كەسدا درووست نەكات!
3- دڵخۆشكەر دەبوو ئەگەر ئەو سنوورە شەرعییانەی كە بەبەهانەی خولی فێربوونی تەجوید و قیرائات و ئیجازە وەرگرتن و بەرنامە وپێشبڕكێ نەبەزێنرایە، كە لە كاتی تەواو كردنی ئەو ئەرك و بەرنامەی كە بۆ خۆیان دایانناوە لەو كاتەدا لە هەموو كاتێكی تر زیاتر خۆیان گوناهبار دەكەن و بە زەقتر سنورەكانی نێوان ژنان و پیاوان لادەبرێت و بۆ ئاهەنگی كۆتایی خول و خەتمە و لەبەر كردنی قورئان و بەدەست هێنانی ئیجازەی قورئانی كەسانێك بانگهێشت دەكەن كە یان دینفرۆشن یان لافاوی جاهیلییەت ڕایماڵیون و یان جگە لە جل و بەرگەكەیان هیچیان لە ئەهلی ئیسلام ناچێت! كە ئەوەش بۆ ڕێمكخەرەانی ئەو جۆرە ئاهەنگە ناشەرعیانە نیشانەی ئەوەیە ئەوان جگە لە دەنگ حۆشی و لە ڕێكوپێك دەبڕینی پیتەكانی قورئان نە لە عەقیدەو نە لە شەریعەتەكەی قورئان هیچ نازانن، هەروەاه نیشانەی ئەوەیە كە وا تێگەیشتوون تۆ هەر دەبێت بمێنیتەوە با بە سەرپێچی شەرعی و بە تنازلات یشەوە بێت، مانەوەش ئەو دەموچاوانەی دەوێت بۆ ئەوەی ببێتە جۆرێك لە تەزكییەی تۆ و مانەوەت، ئەگینا شەرمێكیان دەكرد و ڕازی كردنی الله یان دەخستە پێش ڕازی كردنی ئەو نموونە ناشرین و خراپانە.
4- دڵخۆشكەر دەبوو ئەگەر ئەو هەموو كچ و ئافرەتە موسوڵمانە بەو ئاسانییە و بەهۆی داماوی و هەژارییان لە زانستی شەرعیدا نەكرایەنە ئامانج و ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی زۆر بەرژەوەندی جۆراوجۆر و بەو شێوە ناشەرعی و ناشیرینە هەر ڕۆژەی بەباهانەیەكەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە ڕاگەیاندنەكاندا نمایش بكرێن و خەڵكی تەماشایان بكات، خۆ ئەو كردەوەتان پێچەاونەی ئەو قورئانەیە كە خەریكی فێربوونی و خوێندنی بوون، أفلا تتفكرون.
5- دڵخۆشكەر دەبوو ئەگەر هاوشان لەگەڵ تەجویددا كە لە ڕاستیدا ئامرازێك زیاتر نییە بۆ تێگەیشتن لە بەرنامەی قورئان ، فێری تەوحید بوایەن كە بڕبڕەی پشتی ئیسلامە و بەبێ ڕەگ داكوتینی تەوحید لەناخی دڵی موسوڵماندا هیچ عەمەلێك وەرگیراو نابێت و بەبێ عەقیدەیەكی ڕاست و درووست و سەلامەت لە ڕووی بەرپاكردنی هەموو جۆرەكانی تەوحید و خۆپاراستن لە هەموو جۆرەكانی شیرك و بەبێ جێبەجێكردنی بنەماكانی الولاء و البراء و بەبێ وردبوونەوە و تێگەیشتن لە هەموو هەڵوەشێنەرەوەیەك لە هەڵوەشێنەرەوەكانی ئیسلام و بەبێ تێگەیشتنی تەواو لە فەرەزییەتی جێبەجێكردنی شەریعەت و هەروەها لە واتاو و مەرجەكان و نەواقیزەكانی لا إله إلا الله، قورئان خوێندن بەبێ ئەوانە خۆ سەرقاڵ كردنێكی خۆڕاییە و خۆ خەڵەتاندنە و لەجیاتی ئەو هەموو ئەجرەی بەنیازی تەنها بە خوێندنەوەیەكی بێ بنەما وبێ بەرجەستە كردن دەستت بكەوێت، بەپێچەوانەوە هەمووی دەبنە حوججە وبەڵگەش لەدژت، ئایەتەكانی قورئان وات پێ دەڵێن بەڵام مەخابن تۆی دەنگ خۆش كە هەموو بیرێكت لای كارتێكردنە لە گوێگر، تۆی فێرخوازی نەزان بە بنەماكانی سوننەت و بیروباوەڕ وا فێركراوی تەنها بیرت لای مەخارج و صفات وأحكام بێت، وا ڕاهێنراویت و تێگەیەنراویت تەنها بیرت لەلای تەجوید بێت و زۆرێكتان بەهۆی تەجویدەوە هەر مەجالتان نەبووە بچنە سەر تەوحید ومەجالیشتان نابێت، كە ئەوە جەوهەری پەیامی پێغەمبەرانە علیهم السلام كە الله تعالی ئەوانی پێی ڕەوانە كردووە.
6- ساڵانە زۆربەی ئەو ناوەند و سەنتەر و ڕێكخراونەی كە زۆربەی سەر بە هەندێ لایەنن و ناڕاستەوخۆ سەوادی خەڵكانێك زیاد دەكەن كە ئەوەش بۆ خۆی كارەساتێكی ترە، ساڵانە پەلەی ئەوەیانە بزانە چەند قوتابی داماوی جاهیل بە تەوحید و شەریعەت وزانستە ئیسلامییەكان، فێری جوان خوێندنەوەی قورئان دەبن، بۆ ئەوەی لە ئاهەنگێكی قەشەنگدا و لەبەردەم كامێراكاندا وبە ئامادەبوونی كەسانیكی زۆریش كە ئەوانیش بەهەمان شێوە زۆر جار قل و فول زانستە شەرعییەكان لەیەك جیاناكەنەوە خۆیانی پێ هەڵكێشن و بڵێن ئێمە ئەوەندە خەڵكمان فێری قورئان خوێندن كردووە، بڕۆ فێری بنەماكانی دینەكەیانی بكە، فێری ئەحكامی ئەو قورئانەیان بكە، فێری مەنهەجی قورئانیان بكە لە مامەڵ كردن لەگەڵ هەموو كەس و هەموو حاڵەتێكدا.
جا لەبەر ئەوەی ئەو فێرخوازانە وا تێگەیشتوون، ئەوانیش ئیتر بە ڕۆتینیكی ساردوسڕ و دووبارە، باقی ژیانیان تەنها خەریكی تەجوید بدەن بێ ئەوەی نە ئەوان و نە مامۆستاكانیشیان وێستگەیەكی ڕاستەقینەیان لەگەڵ تەوحیددا وڕەنگدانەوەكانی لە واقیعی ژیاندا هەبیت، نەك بەنەزەری بەڵكو بە كردەیی بە شێوەیەك لە مەبەستەكانی دینەكەیان تێگەن.
بۆیە فێرخوازی زانست كاتێك خەتمەیەك بە قیرائاتەوە تەواو دەكات وانازانێت هیچی هێشتبێتەوە بۆ ئیسلام بیكات، وای پێ وتراوە و لەوە زیاتریش نازانێت، وەی بە حاڵی میللەتێك بنچینەكانی دینەكەی فەرامۆش كردبێت و خەریكی ڕازاندنەوەی ڕووكەشەكان بێت و تەمەنیشی هەر لە ڕووكەشانەدا بەسەر ببات.
7- دڵخۆشكەر دەبوو ئافرەتان كە كۆڵەكەی چاكبوونی كۆمەڵگان و بنەمای درووست بوونی نەوەیەكی موسوڵمانن، ئەو جەهلە زۆرەیان بە دینەكەیان نەبوایە، ئەمڕۆ ئەوان ڕێژەیەكی زۆر لە فێرخوازانی زانستی تەجوید پێكدەهێنن، لە نەشارەزایی لە مەنهەج و عەقیدەی قورئانیشدا ئاستێكی ترستناكیان بڕیوە بەداخەوە، بوونە بە إمعة كێ بیەویت بۆ هەر ئاهەنگ و ئیش و كار و ئامانجێكی خۆی بەئاسانی بەكاری دەهێنیت.
دەتوانم لە دوای خاڵی حەوتەمەوە درێژە بە ڕیزبەندی باسەكە تاكو حەفتا خاڵ بدەم، بەڵام (اللبیب تكفیه الإشارة)، منییش لەم جۆرە باسانەدا ئەوەندەی مەبەستم پۆزش هێنانەوەیە بۆ پەروەردگارم كە من بەریم لە جیاكردنەوەی عیبادەت لەگەڵ عەقیدەدا و دەزانم ئەوە پێچەوانەی بەرنامەی قورئان و سوننەتە، ئەوەندە مەبەستم نییە گۆڕانكاری لەناو خەڵكیدا درووست بكەم، تەنها (إقامة حجة) یان لەسەر دەكەم و هەوڵێكیشە بۆ قەبرو قیامەتی خۆم لەڕیگەی بەریبوون لە تێكدانی ئەولەویات و بنەماكانی ئیسلام كە ئێستە لەسەر دەمێكداین بازاڕی گومڕاكان لەهەموو سەردەمیك گەرمترەو ئەوان لە عەقیدە پاك و لە موسوڵمانە نامۆكان بەڕێزترو قسە بیستراوترن.
هاوكات ئەو خەڵكەش لە ئەنجامی كۆشش نەكردن بۆ تێگەیشتن لە دینەكەیان بوونەتە نێچێرێكی ئاسان وشوێنكەوتوویەكی چاونووقاو نەك تەنها بۆ ئەوانەی هەندێ جار بەناو ئیسلامەوە بەرەو پێچەوانەی ئیسلامیان ئەبەن، بەڵكو بوونە بە پاڵپشت و سەرخەری جۆرەها باتڵ و تەوژمی نەیار لەگەڵ ئیسلامدا ، بێ ئەوەی هەست بە هیچ كێشەیەكیش بكەن، لەو لاشەوە بەتەمان بەو خۆ نماشكردنەیان بە قورئان خوێندنەوەی بەئاواز و مەقامات و بەو شەوو ڕۆژ بەدەم یەكەوەدانەیان بۆ فێربوونی هەندێ لە بابەتەكانی تەجوید و قیرائات لەسەر حیسابی بنەماكانی دینەكەیان بەنیازن بەو شێوە هەموو سەروەرییەكی دونیاو دوا ڕۆژ بەدەست بهێنن، ئەو جۆرە ئیسلام و دینداریە ڕێك و كوتوموت ئەوەیە كە ناحەزانی ئیسلام و دەسەڵاتدارانی ئەم سەردەمە كەیفیان پی دێت، جا ئێوەش هەر لە جیهانی خەیاڵدا بۆ خۆتان لافی گەورە لێبدەن.(مَا لَكُمْ كَيْفَ تَحْكُمُونَ).
إحسان برهان الدین
23 شعبان 1444
2023-3-15